كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق به‌ وتارێكی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستپێكرد

كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌ركردنی بڕیارێك بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هێزانه‌ به‌ وتارێكی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ و به‌بێ به‌شداریكردنی فراكسیۆنه‌كانی كورد و سوننه‌ ده‌ستپێكرد.

 

بەپێی زانیارییەکان، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەکان ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانن بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق. 

 

بەپێی زانیارییەکان، په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی ژماره‌ 28ی له‌ 5ی كانوونی دووه‌می 2020 به‌پشتبه‌ستن به‌ ده‌قی بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی 59 و ماده‌كانی یه‌ك و 109ی ده‌ستوور بڕیاری دا به‌:

یەکەم: حکومەتی عێراق پابەند دەکرێت بە هەڵوەشاندنەوەی داواکاری هاوکاریکردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و کۆتایی هێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراقدا دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا، پێویستە حکومەتی عێراق کار بکات بۆ کۆتایی هێنانی بە بونی هێزە بیانییەکان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەو هێزانەوە.

دوەم: لەسەر حکومەتی عێراق و لەرێگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە پێویست دەکات ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی بزانرێت عێراق لەروی هونەرییەوە چەند ر‌اهێنەری بیانی پێویستە، لەگەڵ زانینی شوێنی مانەوە و ئەرک و ماوەی کارکردنیان.

سێیەم: لەسەر حکومەتی عێراق و وەزیری دەرەوە پێویستە سکاڵایەک بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش بەرزبکاتەوە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەوەش لەبەرامبەر پێشلکاری مەترسیدار بەرامبەر سەروەری و ئاسایشی عێراق.

چوارەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەنگدانی لەسەری دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 


PM:04:49:05/01/2020