نەوید زەردی بۆ ماوەیەکی نادیار وازی لە گۆرانی وتن هێنا

گۆرانیبێژ نەوید زەردی لە پەیامێکی کە لە لاپەڕە تایبەتیەکەی خۆی بڵاوی کردۆتەوە تێیدا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە کە واز لە کاری هونەری دەهێنێت بۆ ماوەیەکی نادیار و دەڵێت" ئەگەر تەمەن دەرفەت بدات دەگەڕێمەوە".

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژی لاوی کوردستان "نەڤید زەردی" لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئینیستاگرام" لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" هەموو ئەو ساڵانەی ژیانم. خۆم زۆر هیلاک و ماندوو کرد. هیچکات کاتم بۆ خۆم و بۆ بنەماڵەکەم نەبوو. تەنانەت نەمتوانی پەیوەندییەکی خۆشەویستی سەرکەوتووش دروست بکەم و بیر لە ژیانی داهاتووی خۆم بکەمەوە، پارە، ناوبانگ، دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتی هیچ کات دڵخۆشی نەکردم و زیاد لە چوار ساڵیشە من یەک شەو بە ئارامی نەخەوتوم، لەبەر ئەوەی ئەوەندەم دڵەڕاوکێ و مەشغولییەت بۆ خۆم دروست کردووە، کە چێژ لە هیچ شتێک و تەنانەت هیچ شۆێنێکیش نابینم".

نەوید لە پەیامەکەیدا دەشڵێت" ئاواتەخواز بووم خزمەت بە وڵات و خەڵکی خۆم بکەم و بەپێی تواناکانم کورد بە جیهان بناسێنم. تا حەدێکیش توانیم ئەوە بە ئەنجام بگەیەنم.ئەو ۸٠ ملیۆن بینەرەی یوتوب بۆ سەرجەم گۆرانییەکانم پاڵپشتن بۆ ئەم قسانەم، لە کارەکانمدا تا ئێستا هاوکاریی چەندین هونەرمەندی تریش بووم، تەنانەت یەک بە یەکی تەجروبەکانی خۆم لە ناخەوە لەگەڵ ئەواندا بەش کردووە، چونکە ئامانجم سەرکەوتنیان بووە. من توانیم ئەو کارە بکەم، چونکە لە هونەر و شەونخونی و تواناکانی خۆم کەڵکم وەرگرت بۆ یارمەتیدانی زۆر کەسی تر. پێم خۆش بوو زۆرترین کەس سوودم لێ ببینن. بەڵام لە کۆتاییدا نەک تەنها بێوەفایی، بەڵکو خراپەشم بەرامبەر کراوە. وردە وردە کە هەست بە پێنەزانینی خەڵکی دەکەیت و دەبینیت ناحەقیت بەرامبەر دەکەن، ئیتر دەتەوێت دور بیت لێیان و لە تەنیایی خۆتدا دڵتەنگ بیت بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆت بدۆزیتەوە".

ڕاشیگەیاند" زۆربەمان زۆر شت دەکەین بە قوربانی و بیر و بڕواکانمان لە پێناوی کوردبون و نیشتمانەکەماندا بەخت دەکەین، بەڵام کەسێک نییە درک بەو قوربانیانە بکات، کە دەدرێت. منیش یەکێک بووم و هەتا ئێستاش ئەو کەسەم کە ئاواتەخوازم خزمەت بکەم. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دێن و بە شێوازێکی ناڕەوایانە حوکمت لەسەر دەدەن، بوختانت بۆ دەکەن و لەگەڵ کەسانی تر لە یەک ئاست داتدەنێن و هەڵتدەسەنگێنن. بەدەر لەمەش ڕۆژانە بۆ نەمانت کەسی دور و نیزیک لەخۆت درۆ دەکەن و بۆ ناشرین کردنت تەنانەت چرکەیەکیش ڕاناوەستن. لەو کاتانەدا نە بوون و نە هیچ شتێک چ چێژێک نابەخشن بە مرۆڤ".

 
نەوید دەشڵێت" لە پێناو وڵات و کورد و کوردستان بۆ وڵاتی داگیرکەران سەر دانەنەوێنیت، زۆریەک لە دەرگاکان لەسەر خۆت دابخەی، بەڵام ئەو دەرگایانەی تۆ بۆ کەسی تری دەکەیتەوە لە وڵاتی خۆت لەسەر خۆت داخراو بێت، دەیان و هەزاران خەڵکی بیانیش زۆر بە ئاسانی لەسەر خاکی تۆ هەزاران شت بکەن".

 

لە کۆتای پەیامەکەیدا نەوید وتیشی" ڕۆژێک دەگەڕێمەوە ئەگەر ژیان ڕێگەم پێ بدات، بەڵام ئەوجارە زۆر بە هێزتر و بە شێوازێکی نوێ".

 

نەڤید زەردی لەدایکبووی شاری مەھابادی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لەساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە،  ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات.

 

 هاوکات نەڤید زەردی ڕۆژی ٣٠ی ٧ی ٢٠١٩ نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "ئایلا" بڵاوکردەوە، کە بەهۆی ئەو هێرشانەی کرایە سەری لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان گۆرانییەکەی سڕیەوە، هەروەها ڕاشیگەیاند" زۆر پەشیمانە لە خۆ ماندوکردنی بۆ کارە هونەرییەکانی".

گۆرانی ئەیلا لەلایەن هەردو هونەرمەند "نەڤید زەردی و ئەبا کەریب" وتراوە، تێکست و ئاوازی گۆرانیەکە لەلایەن هەردو هونەرمەندی ناوبراو دانراوە، لەلایەن "مەزلومۆتۆ" کاری دەرهێنانیان بۆ ئەنجام دراوە.

پێشتر نەڤید ئاماژەی بەوە کردبو کە ئەم ستایلەی لە گۆرانی ئەیلا بەکاری هێناوە ستایلی ئەمڕۆیە، لە منداڵیەوە کار لەسەر ئەم شێوازە دەکات. ئەوەشی دڵنیاکردەوە کە ئەم گۆرانیە دەتوانێت ریکۆردرێکی گەورە تۆمار بکات لەروی بینەر و شێوازی ئەداکردن.

 

هەروەها نەڤید لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئینستاگرام" چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕایگەند" پۆستەکانی ئینستاگرامم لابرد، ئەکاونتی خۆی سڕییەوە".

 
 


 

 

 




PM:10:31:06/01/2020