خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر و شارەکانی باشووری عێراق تەنها سێ رۆژ مۆڵەت دەدەن بە سەرۆک کۆمار و حکومەت و پەرلەمان و، دەبێت لەو سێ رۆژەدا سەرۆک وەزیران نوێ دەستنیشان بکرێت.
لە کاتێکدا بەهۆی کوژرانی قاسمی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، چالاکییەکانی خۆپیشاندانەکان کەمتر لەجاران بوونە جێی بایەخی دەزگاکانی دەوڵەت و میدیاکان، جارێکی تر لە هەولدان بۆ ئەوەی رای گشتی راکێشنەوە بەلای داواکاریەکانیاندا و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە سێ رۆژدا کەسێک بە مەرجەکانی ئەوان کاندید نەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەوا خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجام دەدەن.
لەراگەیاندراوێکی لیژنەی هەماهەنگی نێوان خۆپیشاندەران، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پەرلەمانیش هەڵوەشێتەوە، چونکە دەیەوێت عێراق بگەرێنێتەوە بۆ سەردەمی گەمارۆدانی ئابوری و نەبوونی و هەژاری.
ئەوە لە کاتێکدایە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەرکردنی ئەم راگەیاندنە لە مەیدانی حەبوبی لە ناسریە میلیشیاکان بە تەقە چوونە سەر مەیدانەکەو ٦ خۆپیشاندەر برینداربوون.