ئێران زیانەكانی ئەمریكای لە هێرشە مووشەكییەكە راگەیاند

هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند" لە هێرشە موشەكییەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد ٨٠ سەربازی ئەمریكی كوژراون، لە كاتێكدا ئەمریكا رەتیدەكاتەوە هیچ زیانێكی گیانی هەبوو بێت".

 

حەمید رەزا موقەدەم فەڕ راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی" هەموو مووشەكە ئێرانییەكان ئامانجەكانیان بە وردی پێكاوە و گرنگترین بنكەكانی ئەمریكامان لە عیراق بە ئامانج گرت".

 

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی سوپای پاسداران باسی لەوەشکردوە" له‌و هێرشانه‌دا كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌سیستمی موشه‌كی به‌رگری ئه‌مریكا ئه‌نجامدراوه‌، لاوازی و شكستی سیستمی به‌رگری ئه‌مریكا نیشانده‌دات".

 

حەمید رەزا موقەدەم فەڕ هۆشداریشی دا لەهەر كاردانەوەیەكی ئەمریكی و رایگەیاند" كە بەهۆیەوە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەسووتێت".

 

ئاماژەشی بەوەشکرد" كە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران سووكایەتییە بە ئەمریكا و پێویستە قبوڵی بكات، هەروەك هۆشداری دا بە هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لە ناوچەكە و رایگەیاند كە "گەر وڵاتەكانیان بۆ هێرشكردنەسەر ئێران بەكاربهێنرێت، هێرشیان دەكەینەسەر".

 

هاوکات هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند" كە لە هێرشە مووشەكییەكەدا لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەد لانی كەم ٨٠ سەربازی ئەمریكا كوژراون".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمرۆ سوپای ئێران لەرێگای مووشەكی بالیستییەوە چەند بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی كردە ئامانج.

 

 سوپای پاسدارانیش به‌رپرسیاریه‌تی هێرشه‌كه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ مووشه‌كی جۆری "قیام" له‌ هێرشه‌كه‌ به‌كارهاتوون كه‌ ده‌توانرێ له‌ دووری ٨٠٠ كیلۆمه‌تر ئامانجه‌كانی بپێكێت.

 

 
 
 
 
 
 


AM:09:35:08/01/2020