دوو موشەک ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد کرا

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، کەمێک پێش ئێستا دوو مووشەکی کاتیۆشا ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداد کرا.

 

میدیاکانی عێراق باس لەوە دەکەن" ده‌نگی دوو ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز له‌ سنووری ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدای پایته‌خت بیسترا، زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا بیستراوه‌، ئه‌مه‌ش ترسى له‌ دڵى دانیشتووانى ناوچه‌كه‌دا دروستكردووه‌".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی دوێنێ چوار شەممە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ مووشه‌ك هێرشی‌ كرده‌سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق و سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانیش رایگه‌یاند" كه‌ به‌پێی‌ ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ٨٠ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌ كوژراون، به‌ڵام ئه‌مریكا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ زیانێكی‌ گیانی‌ پێگه‌یشتبێت".

 

هاوکات ئەمشەو سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و پرسی چەکی ئەتۆمی رایگەیاند " هەتا من سەرۆک بم ناهێڵم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، هەروەها وتیشی " لە هێرشەکەی ئێراندا هیچ سەربازێکمان بەرنەکەوتووەو بێ زیانین".

 

تره‌مپ دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت مووشه‌كه‌ به‌هێز و چه‌كه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی به‌كاربهێنێت.

 

هەروەها لای خۆشییەوە موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێكدا داوای لە گروپەكانی حەشدی شەعبی كرد كە كاردانەوەی سەربازییان نەبێت بەرامبەر بە هێزەكانی  ئەمریكا و ئەو دەنگی توندڕەوەكانیش كپ بكەن تا ئەو كاتەی هەموو رێگە سیاسی و پەرلەمانی و نێودەوڵەتییەكان دەگرنەبەر بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەدر ئاماژەی بەوەکردووە" نابێت هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ و ئەمریکاش، جارێکی دیکە لەسەر خاکی عێراق، پێشێلکاریی ئەنجام بدەن".

 

وتیشی" پێویسته‌ پێنج كاندید دیاری بكرێن و له‌ ماوه‌ی ١٥ رۆژدا پرسی سه‌رۆك وه‌زیران دوور له‌ هاشوهووشی سیاسی و په‌رله‌مانی و تائیفی یه‌كلا بكرێنه‌وه‌".

 

موقتەدا سەدر داواشی لە حەشدی شەعبی کردووە، سەرجەم بارەگاکانی دابخات، تاکو نەبن بە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، تا ئەو کاتەی بڕیاری بەرگریی دەدرێت دژی هێزە "داگیرکەرەکان" ئەگەر لە عێراق نەچنە دەرەوە.
 




AM:12:06:09/01/2020