خەزعەلی لەبارەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاو کردەوەو دەڵێت" ئەو دوو موشەكەی دوێنێ ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كرا لە ناوچەی سەوزی بەغدا كاری هەواڵگری ئەمریكا خۆیانە نەك مقاوەمەی عێراقی".

 

قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە نوسینێكیدا كە لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە" هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، هەواڵگری ئەمریکا بۆ شێواندن و ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە، ئەنجامی داوە".

 

خەزعەلی دەشڵێت" هێشتا كاتژمێری سفرمان بۆ تۆڵەكردنەوەی شەهید ئەبو مەهدی موهەندیس دیاریی نەكردووە، وڵامەكەشمان لە وەڵامی ئێران بۆ تۆڵەكردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی كەمتر نابێت".

 

وتیشی" هەرگیز هێرش ناکەنە سەر نێردە دیبلۆماسییەکان و لە ئێستاشدا هێرش ناکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا".

 

لە پەیامەکەیدا ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی لە ئەمریکییەکان کردووە و دەڵێت" دووبارەی دەكەینەوە بۆ هێزی داگیركەری ئەمریكا كە ڕەتیدەكاتەوە پاشەكشە بكات، وەڵامدانەوەمان بۆیان هەژێنەر دەبێت و وەڵامەكەش نزیكە".




PM:04:30:09/01/2020