" داهاتی مانگی ١٢ هەرێم زیاتر بووە لە مووچەی فەرمانبەران "

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی بەغدا داهاتی مانگی ١٢ ئاشکرا دەکات و دەڵێت"داهاتی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووی هەرێم کە تا ئێستا نەتوانراوە مووچەی مانگی ١٠ ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی پێ بدرێت، لە مووچەی فەرمانبەران زیاتر بووە".


غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە " ڕۆژانە زیاتر لە ٤٥٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕەوانەی جیهان دەكرێت".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان دەشڵیت "لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩ عێراق بەرمیلێک نەوتی كەركوكی بە ٦٣.٢ دۆلار فرۆشتوە كە لە یەك بۆری لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستاندا ڕەوانەی بەندەری جەیهان كراوە، كەواتە داهاتی مانگی ١٢ زیاتر لە ٨٦٠ ملیۆن دۆلار بووە".

ناوبراو باس لەوەش دەکات،  داهاتی ناوخۆ جگە لە فرۆشتنی نەوت بە تانكەر و سوتەمەنی بە بازرگانی، دەكاتە زیاتر لە ١٥٠ ملیون دۆلار، لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٧٩ ملیۆن دولارە كە لە عێراقەوە وەریدەگرێت.

 

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، داهاتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ١٢دا زیاتر لە یەک ملیارو ٣٨٩ ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە ٧٣٣ ملیۆن دۆلارە، بەو مووچەیەش دەتوانرێت مووچەی مانگ و نیوێكیش بدرێت.

غالب محەمەد دەشڵێت، كاتی ئەوەیە هەموو لایەنەكان، جگە لە پارتی و یەكیتی، بە ڕاستگۆیی كار بكەن بۆ ئەوەی بەڕوونی بە خەڵك بڵێن ئەو داهاتانە لە كوێین؟ بزوتنەوەی گۆڕانیش لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بکات کە لەسەر پشکی خۆیەتی.

ئەو ڕاگەیەنراوەی غالب محەمەد لە کاتێکدایە، بە بێ هیچ پاساوێک تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوەو سێ مانگی ساڵی پار لە پێدانی مووچە دواکەوتووە. 

 

 


PM:05:04:10/01/2020