مەترسی لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە بۆ هەرێم لە ئارادایە

لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٠٢٠ کە بڕیار بوو حکومەتی هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بەرامبەر ئەوەش حکومەتی عێراق بودجەی تەواوی هەرێم بنێرێت، حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بەو رێککەوتنەوەو ئێستا مەترسی ئەوە لە ئارادایە بەغدا مانگانە ٤٥٣ ملیار دینارەکە هاوشێوەی ٢٠١٩ نەنێرێت بۆ هەرێم.

 

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە حکومەتی هەرێم مەترسی ئەوەی هەیە کە چیتر بەغدا پشکی هەرێم کە مانگانە ٤٥٣ ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی مووچەی مووچەخۆران نەنێرێت، چونکە هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت تا لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و داهاتەکەی بچێتەوە سەر داهاتی عێراق، بەرامبەر ئەوەش بەغدا پشکی تەواوی بودجەی هەرێم بنێرێت کە لە تێکڕای ساڵەکەدا زیاترە لە ١٠ ملیار دۆلار.

 

 

 

لە بارەی نەناردنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لەلایەن هەرێمەوە، بەپێی زانیاریەکانی سپی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا پەرلەمانی عێراق بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و پشێویەکانی بەغداو باشووری عێراق، یاسای بودجە نەچۆتە پەرلەمانی عێراق و وەک سالآنی پێشوو تا ئێستا یاسایی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق لە ئارادانییە. 

 

 

لەحاڵەتێکدا کە لە عێراق یاسای بودجە تێنەپەڕێنرێت مانگانە حکومەت مامەڵە بە بڕی ١٢/١ خەرجی ساڵی پێشوووە دەکات.

 

 

بەو پێیەی یاسای بودجە لە ئارادا نییە، هەرێم مەترسی ئەوەی هەیە کە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەلآم بەغدا پابەند نەبێت بە ناردنی پشکی تەواوی هەرێمەوە کە مانگانە زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەکات. لەم حاڵەتەدا هەرێم ئەگەر ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات و ئەوان تەنها ٤٥٣ ملیار دینار بنێریت، ئەوا بەشی مووچەو خەرجیەکانی تری حکومەتی هەرێم ناکات.

 

 

" سپی " زانیوویەتی لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە یەکلای دەبێتەوە کە ئایا وەک ساڵی ٢٠١٩ حکومەتی بەغدا بەبێ وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەهەرێم، ئامادەیە مانگانە ٤٥٣ ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم. ئەوە لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند مانگێک پێش خۆپیشاندانەکانی بەغدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی عێراق لە لێدوانەکانیاندا دژی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەوەستانەوە، هاوکات باسی ئەوەش دەکرا کە سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی ٢٠١٩دا چاوی لەو نەوتەی هەرێم و ناردنی ئەو ٤٥٣ ملیار دینارە پۆشیووە بۆ ئەوەی هەرێم قەرزەکانی کۆمپانیاکانی لێ بداتەوە تا ساڵی ٢٠٢٠.

 



PM:10:15:11/01/2020