ڕۆحانی: خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیەکە بەهۆی هەڵەیەكی کوشندە بووەو مایەی لێخۆش بوون نیە

سەرۆک کۆماری ئێران بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و وتی"  خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لەلایەن سوپای وڵاتەكەی، هەڵەیەكی كوشندە بووەو مایەی لێخۆشبوون نییە".

 

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە کە خەڵکی خۆشەویستی ئێمەی تیددابوو، هەڵەیەکی کوشندە بوو کە مایەی لێخۆش بوون نییە، ئەنجامدەرانی دەبێت سزا بدرێن و تەنیا کەسێکیش بەرپرسیار نییە لەو رووداوە".

 

هاوکات ڕۆحانی لە قسەکانیدا جارێکی تر ئەمریکای تۆمەتبار کرد لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکەو ئاماژەی بەوەکرد" ئەگەر ئەمریکا ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست نەکردایە کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیەش رووی نەدەدا".

 

سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند"  لێكۆڵینەوەكان لە وردەكاری رووداوەكە و هۆكارەكەی بەردەوامە و وردەكارییەكەی بۆ خەڵكی ئێران ئاشكرا دەكەن".

 

بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە فڕۆكەیەكی نەفەر هەڵگری ئۆكرانی، پاش ماوەیەك لە فڕینی لە فڕۆكەخانەی تاران بەرەو كیێڤ، لەلایەن هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای ئێران خرایە خوارەوە بە گومانی ئەوەی كە فڕۆكەی جەنگی ئەمریكی بێت و لە ئەنجامدا سەرجەم سەرنشینانی ناو فڕۆكەكە، كە 176 كەس بوون گیانیان لە دەستدا. 

 

هەروەها دوای دوو رۆژ دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەش سوپای پاسداران بەرپرسیاریەتی خۆی لە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە راگەیاندو جەختیکردەوە کە فرۆکەکە بەشێوەیەکی گوماناوی بەسەر ناوچەیەکی سەربازیدا سوڕاوەتەوەو دواتر بە هەڵە پێکراوە.

 





AM:11:18:14/01/2020