مەسرور بارزانی: لە پڕۆژە یاسایی چاکسازیدا مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە نابڕدرێت

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت".

 

مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد" حکومەتی هەرێم  بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی، کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە".

 

مەسرور بارزانی وتیشی" کە مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت . لە مبارەیەوە بڕیاردرا روونکردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/15 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەیوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان . سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە گەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کراوەتەوە.

 
پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژە یاسای چاکسازی دا و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم  بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دووپاتیشی کردەوە کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە . دڵنیاییشیدا کە مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت . لە مبارەیەوە بڕیاردرا روونکردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت (  Public Private Partnership  (PPP) ) کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران سەڕەڕای پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەکی یاسایی روون وئاشکرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیار و تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن.



PM:04:05:15/01/2020