نەوەی نوێ پەرلەمانتارێکی خۆی دەرکرد

جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر دەنگدانی پەرلەمانتارێکی بە یاسای چاکسازی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و گۆڕندا، لە ریزەکانی خۆی دەکرد.

 

 
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەم ئێوارەیە نەوەی نوێ بڵاویکردەوە، تیایدا هاتووە " جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێش هەڵبژاردنەکان و لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەردەوام باسی لە نەمانی موچەی خانەنشینیی پلە بالاکان دەکرد.‎هەروەها پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەڵێننامەیان واژۆ کردووە بە هیچ شێوەیەک موچەی خانەنشینیی وەرنەگرن. جگە لەوانەش، هەمو کاندیدانی جوڵانەوەکە جی سوێندیان خواردووە هیچ جۆرە موچەیەکی خانەنشینیی وەرنەگرن."


‎هەروەها هاتووە " سەرباری ئەوانە پەرلەمانتارێک کە بە دەنگی جوڵانەوەکە و سەرۆکی جوڵانەوەکە بووە بە پەرلەمانتار و تەنها ٥٠٠ (پێنجسەد) دەنگی هێنابوو، ئەمرۆ پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی جوڵانەوەکە خیانەتی لە خودا و لە سوێندەکەی و لە دەنگدەران و هاوڵاتییانکرد، پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) دەنگیدا بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان."


‎لە کۆتاییدا هاتووە " لەپێناو هێشتنەوەی ئەخلاقی سیاسیی و رێزگرتن لە هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەکە بڕیاریدا بە دەرکردنی پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، چونکە ئەم جوڵانەوەیە جێگای مرۆڤی لەو شێوەیەی تیدا نابێتەوە و ئامانجی جوڵانەوەکەمان خزمەتی هاوڵاتییان و راستگۆیی و هێشتنەوەی بنەمای ئەخلاقییە، نەک خزمەتکردنی گیرفانی خۆمان و بەرژەوەندیی شەخسیی".

 

 
شادی نەوزاد لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری دی ئەو جوڵانەوەیە لە ساڵی پارەوە لەگەڵ سەرۆکی جوڵانەوەکە کێشەیان هەیەو کار بەوە گەیشت کێشەکە ببرێتە دادگا، ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەماندا لەسەر یاسای چاکسازی ئەو پەرلەمانتارە دەنگی بە پرۆژە یاساکەدا، لە کاتێکدا تێکڕای فراکسیۆنەکە بە پێچەوانەوە ئەو پڕۆژەیەیان رەتکردەوە.




PM:07:55:16/01/2020