" شوێنی ئەشکەنجەدان بە تەرمی پێشمەرگەکەی یەکێتی یەوە هەیە"

ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی کە دوای سێ رۆژ لە زیندانیکردنی لە ئاسایشی هەولێر، گیانی لەدەستدا، دوای پشکنینی لە پزیشکی دادوەری سلێمانی، شوێنی ئەشکەنجەدان بە تەرمەکەیەوە دەبینرێت.

 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە " سپی " راگەیاند ئەو راپۆرتەی لە ئەنجامی پشکنینی پزیشکی دادوەری سلێمانی لەسەر تەرمی پێشمەرگەکەی یەکێتی تۆمارکراوە بەنهێنێ دەمێنێتەوە، تا لەگەڵ پارتی و ئاسایشی هەولێردا گفتوگۆ دەکرێت.


بەپێی زانیاریەکانی ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست لەسەر ناوەرۆکی راپۆرتەکە هیچ بدرکێنێت و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناوەرۆکی راپۆرتەکە بەنهێنی دەمێنێتەوە، بەڵام ئاشکرای کرد" تەرمی مەجید ئیبراهیم شوێنی ئەشکەنجەدانی پێوەیەو، هەروەها خوێن لە دەمی هاتووە"، ئەو کە ئامادەنەبوو هیچی زیاتر بڵێت، وتی " زانیاری راپۆرتەکەمان هەڵگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان".

 
شەوی رابردوو تەرمی ( مەجید ئیبراهیم ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی پزیشکی دادووەری سلێمانی بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ تەرمەکەی و گەیشتن بە هۆکاری مردنەکەی، ئەمەش پاش ئەوە دێت کە خێزانەکەی و یەکێتی گومانیان دەکرد کە ناوبراو خۆی خنکاندبێت.

 
  دوێنی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە " پێنجشەممە تاوانبارێك بە ناوی مەجید برایم عەبدوڵا لە ناو بەندیخانە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی پێش ماوەیەك لەلایەن ئاسایشەوە ٦٠ كیلۆگرام مادەی هۆشبەی بەدەستەوە گیرابوو".

 
ئاسایشی هەولێر دەشڵیت " دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی ٦٠ كیلۆ مادەی هۆشبەر، هاووڵاتی مەجید برایم عەبدوڵایان دەستگیر كرد، ئەمەش دوای پشكنینی ماڵەكەی لە گوندی سیساوەی سەر بە شارۆچكەی هەریر، لە كاتی دەستگیركردنیشیدا، كەسێكی تریش لە ماڵەكەیان لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیر كرا".

 
خێزانەکەی پێچەوانەی ئەم جێرۆکەی ئاسایش لێدوان دەدەن و دەڵێن" شەوی دوو شەممەی رابردوو ئاسایش چوونەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندەکەیان لە سیساوەی ناوچەی هەریر و دەستگیریان کردووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە، دواتر لە پزیشکی دادوەریەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاگادار کراونەتەوە کە بچن تەرمی ناوبراو وەرگرنەوە.


 


مەجید ئیبراهیم کە خەلكی هەریرەو ١٥ ساڵە پێشمەرگەی یەکێتی یەو بنەماڵەکەشیان هەر سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانن.

 


PM:12:59:17/01/2020