نێچیرڤان باررزانی: چەندانجار بە یەپەگەم راگەیاندووە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پەکەکە ببڕن

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چەندانجار بە کوردانی رۆژئاوای راگەیاندووە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پەکەکە بپچڕن.

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنێتەری ئەمەریکی، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت " نێچیرڤان بارزانی: ئامۆژگاریی ئێمە لە رابردوو، لە ئێستا و داهاتووش بۆ کوردی سووریا ئەوەیە کە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەت. من چەندین جار ئەوەشم گوتووە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل بپچڕێنن".

 
هەروەها دەڵێت " من هەمیشە گوتوومە ئەوان هەموو شتێکیان کرد بۆ تووڕەکردنی تورکیا، ئاڵاکانی پەکەکە و هەروەها وێنەی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەسەر سنوورەکانی تورکیا دانا". دەشڵێت" ئێمە بۆ چەندین ساڵە ئەوەیان پێدەڵێین کە خۆیان لە پەکەکە جیابکەنەوە و هەوڵبدەن لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێبگەن، ئەمەش بۆئەوەی رێگەیان لەم ئەنجامەی ئەمڕۆیان بگرتایە".
 
جارێکی تر سەرۆکی هەرێم جەخت لەسەر پەیوەندی پەکەکەو کوردانی رژئاوا دەکاتەوەو دەڵێت " ئەمە فاکتە حاشالێنەکراوەکەیە و ئەوان هەموو فەرمانەکانیان لە پەکەکە وەردەگرن".

ئەوە لە کاتێکدایە چەندان بەرپرسی ئەمەریکی و ئەوروپی جەخت لەسەر جیاوازی پەکەکەو یەپەگە دەکەنەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە جارێک لەو جاوپێکەوتنەدا دەڵێت " ئەوەی پێویستە ئەوان بیکەن ئەوەیە قەناعەت بە تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کە ئەوان بەشێک نین لە ئەجێندای فراوانی پەکەکە، ئەگەر ئەمە سەلمێندرا، پێموایە دەرفەتێکی کەم هەیە تاوەکو دۆخەکە باشتر ببێت".

سەرۆکی هەرێم لەسەر کارەکانی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت قسەدەکات و دەڵێت" حکومەتی نوێ بە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بە‌غدا و تێکشکاندنی داعش لەڕووی خاکییەوە راگەیێندرا، بۆیە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیکرد بە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و هەوڵدەدات کاری باشتر بکات. پێموایە سەرۆکوەزیران کارێکی زۆر باش دەکات، ئەو هاوسەنگییەکی زۆر باشی لە کابینەکەیدا هەیە، راستگۆیانە بڵێم، ئەو کارێکی زۆر باش دەکات".

 


AM:12:05:18/01/2020