یەکێتی لەسەر داوای بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی لە کەرکوک خۆپیشاندان ناکات

یەکێتی نیشتمانی و حیزبە کوردستانییەکان لەسەر دامەزراندن و ئەو " ناهەقیانەی "تری بەرامبەریان دەکرێت، بڕیاریان دابوو سبەی یەک شەممە خۆپیشاندانێکی جەماوەری سازبکەن، بەڵام لەسەر داوای سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح و، سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی خۆپیشاندانەکە ناکەن.

 
حەسیبە عەبدوڵا، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە مالپەڕی (كەركوك ناو)ی راگەیاندووە"ئاگادارکراینەوە کە هەریەک لە سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیرانی كاربەڕیكەر، بۆ پرسی دامەزراندنەكەی كەركوك هاتونەتە سەر خەت و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیانداوە، بۆیە ئێمەش خۆپیشاندانەکەمان بۆ چەند رۆژێک دواخستووە".


سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتوویەتی " خۆپیشاندانەكە بۆ ئەو مەبەستە دواخراوە كە كێشەكانیان بەڕێگەی تر چارەسەر بكرێت و، ئەگەر بێت و چارەسەری كێشەكە  نەكرێت، ئەوا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و سەرجەم ئامادەکارییەکانیش تەواو بووە".


ئەوەش لەكاتێكدایە كاتژمیڕ 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 18ی كانونی دووەم، حزبە كوردییەكانی كەركوك كۆبونەوە و بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا سبەی یەكشەممە (19ی كانونی دووەم)، لەبەردەم پەروەردەی كەركوك كۆببنەوە دژی كەمی رێژەی كورد لە دامەزراندنی نزیكەی دوو هەزار و 500 كەس لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردەی عیراق.

 


ئه‌م بابه‌ته ‌1386 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:08:18/01/2020