خۆپیشاندانەكانی عێراق فراوانتر دەبێت و لە بەغداد ١٠ كەس برینداربوون

خۆپیشاندان لە بەغداد و نەجەف و كەربەلا و زیقار دەستیپێكردەوە و لە چەند شوێنێك خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووی یەكبوونەوە. 

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق،  ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەسەر پردی سنک و گۆڕەپانی "تەیران"ی بەغداد هێزە ئەمنییەکانی عێراق و خۆپیشاندەران ڕووبەڕوو بونەوەتەوە لەئەنجامدا ١٠ کەس برینداربوون ٤ کەس لەوان ئەندامی هێزە ئەمنیەکانن.

 

هاوکات میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ خۆپیشاندەران لە نەجەف سەرجەم رێگا سەرەكی و بازرگانییەكانیان داخستووە، لە ناویشیاندا رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف. 

 

چوار مانگ بەسەر خۆپیشاندانەكانی عێراق تێدەپەڕێت، خۆپیشاندەران بە دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی وازیان نەهێناوە و داوا دەكەن داواكارییەكانی دیكەیان جێبەجێ‌ بكرێن، كە دیارترینیان رۆیشتنی سەرجەم بەرپرسانی گەندەڵ و دادگاییكردنیانە، لەگەل راسپاردنی كەسێكی سەربەخۆ بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەخت بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان. 

 

 



PM:04:38:19/01/2020