نەوەی نوێ ماوەی 48 كاتژمێر دەداتە پەرلەمانتارەكانی

سەرۆكی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت" ئەگەر تا 48 كاتژمێری دیكە سەرجەم پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ فۆرمی رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینی پڕ نەكەنەوە، دەردەكرێن".

 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ دووشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" جوڵانەوەو فراكسیۆنەكەمان بەفەرمی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی رەتكردوەو چوار ئەندامی فراكسیۆنەكەشمان بەفەرمی داوایان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ پڕ كردنەوەی فۆڕمی رەتكردنەوەی خانەنشینی". 

سەبارەت بە سێ پەرلەمانتارەكەی دیكەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ (سیروان بابان و دیاری ئەنوەر و مەم بورهان قانع) كە بەفەرمی موچەی خانەنشینیان رەتنەكردووەتەوە، سەرۆكی جوڵانەوەکە وتی" ئەگەر لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا بەفەرمی فۆرم پڕ نەكەنەوەو خانەنشینی رەت نەكەنەوە، لە فراكسیۆن و جوڵانەوەكە دەریدەكەین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ وەک یەکەم پەرلەمانتار بە نوسراوی فەرمی بۆ پەرلەمان دەستبەرداری خانەنشینیەکەیان بوون و ره‌تیان كرده‌وه‌ دوای ته‌واوبوونی خوله‌كه‌یان خۆیان خانه‌نشین بكه‌ن.

 

هاوکات  فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆی هەشت پەرلەمانتاری، چوار پەرلەمانتاریان بە جیاواز و سەربەخۆ کاری خۆیان دەکەن و سیروان بابان رایگەیاندوە، موچەی خانەنشینی رەتکردوەتەوە و پەرلەمانتاران شادی نەوزاد، مەم بورهان قانع و دیاری ئەنوەر تا ئێستا بێ دەنگن، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانتار شادی نەوزاد دەنگی بە یاسای چاکسازی داوە و بەوهۆیەش جوڵانەوەکە لە ریزەکانی دوریخستوەتەوە.

 


PM:02:03:20/01/2020