سێ‌ پەرلەمانتار جیابوونەوەیان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ راگەیاند

هەریەك لە دیاری ئەنوەر، سیروان بابان، مەم بورهان قانع، ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، لەپەرلەمانی كوردستان  لە راگەیەنراوێكدا جیابوونەوەی خۆیان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندو دەڵێن" وەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەردەوام دەبین".

 

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكە: 

راگەیاندراوێك بۆ خەڵكی كوردستان

 
وەكو ئەوەی پێشتر بەڵێنمان بە دەنگدەرانمان دابوو، بە هەمو شێوەیەك موچەی خانەنشینیی پەرلەمانیی رەتدەكەینەوە، وەك ئەوەی بۆ پەرلەمانتاران بڕاوەتەوە و تەنانەت ئەگەر پێویست بێت ئامادەین دەستەبەرداری موچەی پارلەمانیی-ش ببین.

 
چەند مانگێكیشە بەهۆی بەلارێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"وە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە، هیچ پەیوەندییەكمان بە فراكسیۆن و جوڵانەوەكەوە نەماوە، هەربۆیە لە ئێستایشەوە بە فەرمیی جیابونەوەی خۆمان رادەگەیەنین و وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەمێنینەوە.

 
ئێمە خەڵكانێكین، پارەی خەڵكمان نەخواردوە و پارەی حكومەتیشمان لانییە (بەڵكو پارەیشمان لای حكومەتە) و "موزایەدە"یش بەسەر دەنگدەران و هاوپیشە و خەڵكانی غەدرالێكراوی كوردستان-ەوە ناكەین و بەڵێنیش دەدەین هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن دا دەبین لە ماف و داخوازیی رەوای دەنگدەران و خەڵكی جوامێری كوردستان.

 
پەرلەمانتاران:

 
- دیاری ئەنوەر.

 
- سیروان بابان.

 
- مەم بورهان قانع.




PM:07:59:20/01/2020