وەزارەتی تەندروستی كاری 33 كۆمپانیای دەرمانی راگرت

وەزارتی تەندروستی بڕیاری داخستن و ڕاگرتنی كارو چالاكییەكانی 33 کۆمپانیای دەرمان و پێداویستی پزیشكی دا، داوا دەكات بەهیچ شێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵ نەكرێت و ئاشكراشی دەكات پێشتر چەند جارێك مۆڵەتیان پێدراوە و ئاگادار كراونەتەوە. 

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند" لە دووەمین قۆناغی چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی، لە بەر باپەند نەبوون بە رێنماییەكان و پێوەری نوێی مۆڵەت نوێكردنەوە و كۆگاكردن، بڕیاریدا بە داخستن و لە كار ڕاگرتنی كارو چالاكییەكانی 33 كۆمپانیای دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان".

 

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت" ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی و هەروەها نوسراوی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی".

 

وەزارەتەكە ئەوەشی راگەیاندووە لەدوای ئەو بڕیارەوە هەموو مامەڵەكردنێك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە رێگە پێدراو نیە، ئەوە لە كاتێكدایە لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەرتی دەرماندا چەند بڕیار دەركرا و داوا لەكۆمپانیاكان كرا كاركردنیان لە كەرتی دەرمان رێكبخەن. 



PM:01:23:21/01/2020