خەڵاتی زێڕینی ماملێ بۆ ساڵی 2020 بە هونەرمەندێکی خەڵکی کرماشان دەبەخشرێت

بەپێی زانیاریی فەرمیی کە "مەڵبەندی هونەریی ماملی" بڵاوی کردووەتەوە، خەڵاتی زێڕینی ساڵانەی مەحەمەدی ماملێ، ئەمساڵ دەبەخشرێتە محەمەدڕەزا دارابی هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوداری کوردی کرماشان.

 

لەگەڵ بەخشینی خەڵاتی زێڕینی ساڵی 2020ی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، هاوکات لەوحی ڕێزلێنانی "ناسر ڕەزازی"یش دەبەخشرێتە هونەرمەند محەمەدڕەزا دارابی.

 

لە سنووری کرماشان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا حوسێن سەفایی‌مەنش و محەمەدڕەزا دارابی، دوو هونەرمەندی کوردن کە لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ وە ئەو خەڵاتە وەردەگرن.

 

 خەڵاتی زێڕینی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١١ ساڵە چالاکە و لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.

 

لە نووسراوەکەی "مەڵبەندی هونەریی ماملێ"دا ئەو هۆکار و پێوەران بۆ دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی محەمەدڕەزا دارابی، وەک وەرگری خەڵاتی زێڕینی ساڵانەی ماملێ ئاماژەیان پێ کراوە، کە بریتین لە:


هەست بە بەرپرسیارەتی کردن سەبارەت بە موسیقای کوردی.

 
زیندووکردنەوەی کۆمەڵێک مێلۆدی و گۆرانیی کوردی بە زاراوەی کەڵهوری و پێشگیری کردن لە تێداچوونیان.

 
دەوڵەمەندکردنی ئاڕشیوی گۆرانیی کوردی لە ماوەی تەمەنی هونەرییاندا.

 
هاندانی هونەرمەندانی کوردزوان بۆ خزمەتکردنی موزیکی کوردی.

 
مەڵبەندی هونەریی ماملێ، هونەرمەند مامۆستا(محەممەد ڕەزا دارابی)ی وەک هونەرمەندی ساڵی ٢٠٢٠ دەستنیشان کرد تا خەڵاتی زێڕینی ماملێی پێشکەش بکرێت.

 

لە ماوەی ساڵانی پێشوو دا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان هونەروەران ١- قالە مەڕە ٢- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) ٣- عەباس کەمەندی ٤- عەزیز شارووخ ٥- ناسر رەزازی ٦- زۆزان ٧- تیپی موسیقای سلێمانی ٨- مەزهەر خالەقی ٩- خەلیل خەمگین ١٠- حوسێن سەفامەنێش ئەو خەڵاتیان پێشکەش کراوە.

لە نووسراوەکەی مەڵبەندی هوەنریی ماملێدا هاتووە"هەموو ساڵێک بەپێی توانا و دەرفەتی بەردەست، ئەو مەڵبەندە تێکۆشاوە تا لە بۆنەیەکی شایاندا ڕێز لە هونەرمەندی ساڵ بگرێت و خەڵاتی زێڕینی ماملێی پێشکەش بکات بەڵام، لەبەر هۆکاری تایبەت و نەبوونی ئیزنی کارکردنی ئەو مەڵبەندە لە ئێران، نەمانتوانی مەراسیمێکی شایان بۆ شکۆی ئەو مامۆستا بەرزەی کورد بگرین. بۆیە بڕیارمان دا لە ڕۆژەکانی داهاتوو خەڵاتی ماملێ و لەوحی ڕێزلێنانی مامۆستا “ناسر ڕەزازی” لە ڕێگای چەند نوێنەرێکی ئەو مەڵبەندە و چەند دڵسۆزێکی هونەری کوردییەوە، بگەیەنینە کرماشانی خۆشەویست تا  پێشکەشی ئەو تێکۆشەرەی هونەریی کوردی بکرێت. هیوا دەخوازین ئەو ڕۆژە بەو زووانە بەدی بێت تا بتوانین لە کەشێکی ئازاد دا هونەر و هونەرمەندی کورد لە خەباتی خۆیان بەردەوام بن و کەند و کۆسپ نەیەتە بەر دەمیان".

ژیاننامە:

مامۆستا محەممەد ڕەزا دارابی  لە (٣ی گوڵانی ١٣٣٠ هەتاوی و ٢٤ی مارسی ١٩٥١ زایینی) و لە پێتەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاری کرماشانی ڕەسەن و بێشکەی هونەرمەندان لە دایک بووە. لە بواری  ئێلێکتڕۆنیک درێژە بە خوێندن دەدات و  خاوەن کچێک و کوڕێکە.

مامۆستا محەممەد ڕەزا دارابی

 
دەستپێکی کاری هونەرییان ساڵی ١٣٥٠/١٩٧١دەگەڵ ئۆرکێستری تایبەتی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی کرماشان بە سەرپەرستی مامۆستایانی نەمر “مەسعود زەنگەنە” و “مامۆستا موشتەبا میرزادە” بووە. ئەو ئۆرکێسترەی کە بە دەیان بەرهەمی ڕەسەنی کوردی بۆ نەتەوەی کورد تۆمار کردووە. هاوکات دەگەڵ ئۆرکێستری  فەرهەنگ و هونەری پارێزگای کرماشان بە ڕێبەرایەتی مامۆستا “کەیخوسرەو پوورنازری”، هاوکاری دەکرد.

بە درێژایی تەمەنی هونەرییان لە خزمەت مامۆستایانی گەورەی وەک: شەهرام نازێری، کەیهان کەڵهۆر، هادی مۆنتەزێری، سیاوەش نوورپوور، خەلیل چالەچالە، حێشمەتوڵڵا حوجەتی فەرد، یۆسف زەمانی، فارووقی و هی دیکە ئەزموونی کۆکردۆتەوە.

ڕەدیفەکانی موزیکی ڕەسەنی ئێرانی لەلایان نەمر مامۆستا “مەحمود بلوری” فێر بووە و لە ڕێنماییەکانی  مامۆستایانی وەک موجتەبا میرزادە،  کەیخوسرەو پوورنازری، حاتەم عەسگەری، محەممەد سەدری و محەممەد ڕەزا شەجەریان کەڵکی وەرگرتووە.

شارەزای سازەکانی تار و سێتارە و لەپاڵەوە سەنتوور و زەربیش دەژەنی.

جیا لە شێوازی ڕەسەنیی ئێرانی کە تێیدا لەزەبر و بەتوانایە و گەر ئەو ڕێچکەیەی گرتبایە بەر، دەکرا  یەک لە هونەرمەندە هەرە بەناوبانگەکانی ئێران بوایە بەڵام، دڵسۆزی و ئەوین بە هونەر و فۆلکلۆری گەلەکەی و بەتایبەت زاراوەی کەڵهوڕی وای لێدەکات لەو بوارەدا خزمەت بکات کە بەرهەمی ئەو ماندووبوونەیان، کۆکردنەوە و زیندوو ڕاگرتنی دەیان هەوا و گۆرانی ڕەسەنی کوردین بەتایبەت بە شێوەزاری “کەڵهوڕی”ـ کە لە کۆی شەش ئاڵبۆم دا خۆیان دەبیننەوە بە ناوەکانی :

گلارە

 
شور شیرین

 
سورمەی خیاڵ

 
مەهجوری

 
ڕەقس پەروانە

 
ژینا

 
مامۆستا دارابی لە کوردستان و وڵاتان کۆنسێرتی هەبووە و بە دەنگی خۆش و هونەری ڕەنگینیان ئاوپڕژێنی دڵ و ڕۆحی عاشقانی خۆی و ئەویندارانی زمانی کوردی و هونەری کوردی کردووە لە:

کانادا، ئیتالیا، ئاڵمان و سلێمانی لە باشووری کوردستان.

 

دەگەڵ گەلێک گروپی موزیک هاوکار بووە و کاری هونەری پێشکەش کردووە لە ناویان دا:

گروپی موزیکی “باربۆد” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا محەممەد ساعێد.

 
گروپی “تەنبوورژەنانی لاوچ” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی.

 
گروپی “گۆلبانگ” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا بێهناز زاکێری.

 
گروپی “چل دەف” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا فەرشید غەریبنیژاد.

 
گروپی “بێستون” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا عەلیڕەزا فەیزبەشیپوور.

 
گروپی “هاتف” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا مامۆستا رەزا  ڕەزاخاه.

 
گروپی “ئۆوج” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا خەلیل چالەچالە.

 
گروپی “تەرەنگ” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا بورزوو ئەمیری.

 
گروپی “مێهروەرزان” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا جواد عەزیزی.

 
گروپی “حەنانە” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا کامڕان هیممەتپوور.

 
گروپی “ئابیدەر” بە ڕێبەرایەتی مامۆستابەهرام ساعێد.

 
ئۆرکێستری گەورەی “کوبان” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا وەنداد مساحزادە.

 
ئۆرکێستری “جاویدان” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا مەجید مێهروەر.

 
مامۆستا دارابی لە زۆر فێستیڤاڵ و بۆنەی هونەری دا بەشداری کردووە و چەندین پلەی وەدەست هێناوە و زۆر خەڵاتی وەرگرتووە و ڕێزی لێ نراوە. پوختەیەک لەو سەرکەوتنانە بەو شێوەیەن:

لە فێستیڤاڵی گشتی موزیک لە ئێراندا لە ساڵی ١٣٦٧/ ١٩٨٨ لە نیوان ٩٠ گروپی موزیک وەک گۆرانیبێژی تاقانە هەڵدەبژێردرێت و دیپڵۆمی ئیفتیخاری ئەو فێستیڤاڵەی پێشکەش کراوە.

 
لە یەکەمین فێستیڤاڵی موزیکی نەتەوەکانی ناو ئێران بە ناوی “هەمئاوایی” لەوحی سپاس و پێزانینیان پێشکەش کراوە.

 
لەلایان کۆمەڵەی ماڵی موسیقا (خانە موسیقی)ی ئێرانەوە لەوحی سپاس و پێزانینیان پێشکەش کراوە.

 
لەلایان ئاکادێمی (T.D.K)  لە وڵاتی ئاڵمان بڕوانامەی هونەری پێشکەشیان کراوە.

 
لەلایان زانکۆی یۆڕک /  YORKلەوحی ڕێزلێنان پێشکەشیا ن کراوە.

 
لەوحی ڕێزلێنان لەلایان فێستیڤاڵی سن لۆرێنزۆ/ SAN LORENZO  لە وڵاتی ئیتالیا پێشکەشیان کراوە.

 
بە بۆنەی ڕێزگرتن لە هونەرمەندان و کۆنەکارانی بواری موزیک لە کرماشان، لەوحی پێزانین و سپاسیان پێشکەش کردووە.



PM:03:48:21/01/2020