ئەمڕۆ ٢٣ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد محەمەدی ماملێیە.
محەمەدی ماملێ كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ"مام عەلی"لە ساڵی ١٩٢٥ له بنەماڵەیەكی پیشەكار، هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە گەڕەكی هەرمەنییانی شاری مهاباد لە دایكبووە.
میرزا سەعیدی باوكی هەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە هۆی هونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شیعرخوێنی"بەتایبەت وەفایی" لە كۆڕ و كۆزیلكەی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێزێكی زۆری لێگیراوە و لە گەڕەك و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە هەروەك لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لەگەڵ هونەرمەند"سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی"١٨٨٢-١٩٣٧"، كە له ساڵی 1932دا هاتووەتە موكریان و لە باخی "میرزا شەریفی حاجی ڕەشید" بۆ خەڵكی مهاباد گۆرانی گوتووە، بەشدار بووە.
ماملێ، هەر لە منداڵییەوە وەك تەواوی ئەندامانی بنەماڵەكەی بەهرەی دەنگخۆشی تێدا دەركەوتووە و تەمەنێكی دوور و درێژی لەو پێناوەدا بەسەر بردووە، تا لە دوا چركەكانی تەمەنیدا و لە ڕۆژی ٢٣ ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ بەهۆی نەخۆشیەوە كۆچی دواییكرد.
محەمەد ماملێ، لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی یەكەم بەرهەمی گۆرانی بەفەرمی تۆماركرد بە ناوی "ڕۆیی بە جێیهێشتم".