پۆلیس دواین زانیاری له‌ باره‌ی سێ ته‌رمه‌كه‌ی عه‌نكاوه‌ ئاشكرا ده‌كات

پۆلیسی عەنكاوە هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەندامانی ئەو خێزانە ئاشكرا دەكات كە 21 ی ئەم مانگە تەرمەكانیان لە ماڵەكەی خۆیاندا لەو شارۆچكەیە دۆزرایەوە.

 

 فەخرەدین نوری، بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەنكاوە رایگەیاندووه" ئەو سێ كەسەی كە لە دایك و كوڕ و كچەكەی پێكهاتبوون خەڵكی سنوری دەشتی نەینەوا بوون، بەهۆی ئاوارەبونیان، زیاتر لە دوو ساڵە لە عەنكاوە نیشتەجێن و بەهۆی ئەوەی كێشەی جیابوونەوەیان هەبووە لەگەڵ هاوسەری ژنەكە، بەتەنیا لەو ماڵەدا ژیاون".

 

وتیشی" دوای ئەوەی پیاوەكە چەند جارێك سەردانی ئەو ماڵە دەكات بۆ ئەوەی مندالەكانی ببینێت، بەڵام دەرگای لێناكرێتەوە، ئەوەش وادەكات پۆلیس لەدیارنەكانی ئەندامانی خێزانەكەی ئاگادار بكاتەوە".

 

ئاماژەی بەوەشدا" پۆلیس بەبڕیاری دادگا دەچنە ماڵەكەو دوای شكاندنی دەرگای ماڵەكە، دەبینن هەرسێ كەسەكە گیانیان لەدەستداوە، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە هەرسێ كەسەكە بەهۆی غازی سۆپای نەوت ماوەی زیاتر لەمانگێك بووە گیانیان لەدەستداوە".

 

دەشڵێت" خیزانەکە پێکهاتوون لە دایكێکی تەمەن 37 ساڵ و کوڕەکەی تەمەن 18 سال و کچێکی تەمەن 15 ساڵ، ئاوارە بوون و خەڵکی سنوری دەشتی نەینەوان و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەگەڕەکی عەنکاوەی شاری هەولێر نیشتەجێن".

 

هاوکات بە وتەی پزیشکی دادوەریش،ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەو خێزانە گیانیان لەدەستداوە.

 

رۆژی 21ی ئەم مانگە تەرمی سێ كەسی ئەندامی خێزانێك لەماڵەكەی خۆیاندا لە شارۆچكەی عەنکاوە دۆزرایەوە، دوای رەوانەكردنی تەرمەكانیش بۆپزیشكی داد، دەركەوت بەهۆی غازی سۆپاوە گیانیان لەدەستداوە.




PM:05:25:23/01/2020