نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لەعێراق جیابکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی پانێڵی تایبەت بەروداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکۆڕبەندی ئابوری داڤۆس رایگەیاند" هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لەعێراق جیابکاتەوە".

 

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس ئاماژەی بەوەکرد" دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چۆن هەموان لە وڵاتێکدا بژین پێى بوترێت عێراق، جوانى وڵاتەکە لەوەدایە هەمومان پێکەوە بژین و وەکو کورد دەمانەوێت کێشەکانمان لە چوارچێوەى عێراقدا چارەسەر بکەین".

 

نێچیرڤان بارزانی وتیشی" ئێستا نه‌وه‌یه‌ك پێگه‌یشتووه‌، كه‌ ماندووه‌ و هه‌ست ده‌كات ده‌سه‌ڵات ناتوانێت كه‌مترین پێداویستی سه‌رده‌می بۆ دابین بكات".

 

ڕاشیگەیاند" هەرێمى کوردستان ناتوانێت خۆى لە عێراق جیابکاتەوەو ئێمە بەشێکین لەو وڵاتە، بۆیە ئەوەى ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت کاریگەرى لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە".

 

سەبارەت بە بڕیاری چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، نێچیرڤان بارزانى رایگەیاند" پێمان وایەوە بڕیارەکەی پەرلەمان کارێکی باش نەبوو، چونکە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای عێراق لە وڵاتەکەن و کورد و سونەش لەگەڵ کشانەوەی هێزە بیانییەکان نین و پێویستە ئەو هێزانە لە ناو خاکی عێراق بمێننەوە".

 

 

 




PM:06:51:23/01/2020