سەدر: پێویستە هێزەکانی ئەمریکا بەزوترین کات خاکی عێراق بەجێبهێڵن

 

لە نوێترین لێدوانیدا موقتەدا سەدر لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ، کەمێک لەمەوبەر پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند"پێویستە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق دابخرێن و تەواوی رێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەمریکا هەڵبوەشێنرێتەوە، ئاسمانی عێراقیش بەڕوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکادا دابخرێت".

 

هاوکات، رێبەری رەوتی سەدر داواشیکرد" هێزەکانی ئەمریکا بەزوترین کات خاکی عێراق بەجێبهێڵن".

 

ئاماژەی بەوەش کردووە" نابێت جارێکی دیکە رێگە بدرێت عێراق تووشی شەڕێکی دیکە ببێتەوە و هەوڵ دەدەن لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکان تووشی شەڕ نەبنەوە".

 

لەبارەی رێکخستنەوەی سوپای عێراق، سەدر وتی" پێویستە حەشدی شەعبی بخێرتە سەر وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری عێراق و بەتەواوەتی پابەندی بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت".

 

سەدر باسی لەوەش کرد، دەبێت حکومەت سزای ئەو کەسانە بدات کە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە خاکی عێراقدا.

 

بەیانی ئەمڕۆ لەسەر داوای موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوەتی سەدر لە بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق خۆپیشاندانی ملیۆنی لەژێر ناوی "هەینی سەربەخۆیی" دەستیپێکرد.

 




AM:11:42:24/01/2020