پێکدادانی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەردەوامە

لە شاری بەغداو زیقار و بەسرە پێکدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران بەردەوامەو چوار خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە دەی تر بریندارن.

 
میدیا جیاجیا عێراقییەکان و پەیجە چالاکەکانی خۆپیشاندەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە شەوی رابردووەوە هێزە ئەمنییەکان لە بەغداو بەسرەو زیقار دەیانەوێت مەیدانی خۆپیشاندانەکان کۆنترۆڵ بکەن و، بەرامبەر ئەم هێرشانە خۆپیشاندەرانیش بەرگری سەر سەخت دەکەن.


لەو ‌هێرشانەدا لە شەوی رابردووەوە تا ئێستا چوار خۆپیشاندەر لە بەغدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەزیقار و بەسرەو شارەکانی تری باشووری عێراق بەدەیان خۆپیشاندەر برینداری سووک و قورس هەیە.

 
ئەوە لە کاتێکدایە خۆپیشاندەران دەیانەوێت لە رۆژانی داهاتوودا لە بەسرەوە خۆپیشاندانی گەورە بەرەو شارەکانی باشووری عێراق بەڕێبکەن و دواتر بگەنە بەغداو گەمارۆی ناوچەی سەوز لەهەموو لایەکەوە بدەن.

 


PM:03:22:26/01/2020