١٦ وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکی بەیاننامەیەک دژی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەردەکەن

ئەمرۆ ٢٧ ی کانوونی دووەم ١٦ وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و چەکداران زیادەڕۆیی دەکەن لە بەکارهێنانی هێزدا بەرامبەر خۆپیشاندەران.

 
ئەمرۆ دوو شەممە لە بارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدادو شارەکانی باشوور و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا باڵوێزخانەی ١٦ وڵات لەبەغدا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە " رۆژی ٢٤ی کانوونی دووەم هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکان لە دژی خۆپێشاندەران زیادرۆییان کردووەو هێزی کوژەریان بەکارهێناوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە چەندانجار حکومەتی بەغدا دڵنیای پێداوین کە زیادەڕۆیی لەبەکارهێنانی هێزدا ناکەن".

 
 لە بەیاننامەکەدا کە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتانە لەبەغدا دەریان کردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەخۆپیشاندەران رووبەرووی کوشتن و بریندارکردن و رفاندن دەبنەوە، هەروەها داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی جدی بکەن لەو تاوانانەی دەرهەق بە خۆپیشاندەران دەکرێت.


هەروەها هاتووە مافی خۆپیشاندان لە دەستوری عێراقدا هاتووەو دەبێت پارێزراوبێت، هاوکات داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکەن ئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەکانیان بپارێزن. 

 
ئەو باڵوێزخانانەی بەیانەکەیان دەرکردووە، بەریتانیا، ئەمەریکا، کەنەدا، کرواتیا، چیک، فلەند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، ئیتالیا، هۆڵندا، نەرویج، پولندا، رۆمانیا، ئیسپانیا، سوید. 

 


PM:10:04:27/01/2020