سبەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە


ئەندامی بەتەمەنترین ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، مستەفا چاوڕەش ڕایگەیاند" سبەینێ چوارشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دووەم کۆبوونەوەی خۆی کاتژمێر یانزە  لە سلێمانی ساز دەکات". 

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی "سپی" مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەنێت" تا ئێستا وابڕیارە سبەینێ لە بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی دووەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات".

مستەفا چاوڕەش کە بەپێی تەمەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەکە دەکات ئاماژەی بەوەکرد" کۆبوونەوەی سبەینێ بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆ کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیەوە، تا ئەمڕۆ ئامادەیانکردووە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی" کەوتووە، چوار کێشە لەبەردەم یەکلایکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدایە.

"سپی" زانیوێتی کێشەی سەرۆک یان سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و دانانی دوو جێگیر بۆی یەکێکە لەو کێشانەی کە سبەی لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

کێشەی دووەم پرسی دانانی دوو جێگیرە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، کە ئەم پرسەش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی سبەی دەبێت.

کێشەی سێیەم هەڵبژاردنی ١٢٤ ئەندامە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆنگرەدا، لەکاتێکدا بەپێی بڕیاری کۆنگرە دەبوایە ١٢١ ئەندام بوایە، دەبێت سبەینێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کێشەی ئەم سێ ئەندامە زیادەش یەکلا بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" کێشەیەکی گەورەی ڕێکخراوەی ناو یەکێتی، دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێ)یە، لەسەر ئەم کێشە گەورەیە دوو بۆچوون لە ئارادایە، یەکێکیان پێی وایە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی دەبێت دەورێکی ڕاوێژکاری هەبێت، هەرچی بۆچوونی دووەمە پێی وایە کە ئەنجوومەنی باڵایی سیاسی لە یەکێتیدا دەبێت بەرپرس بێت لە سیاسەتی گشتی یەکێتی.

بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە دوو لیژنە پێکبهینرێت لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و لە ئەنجوومەنی باڵایی سیاسی بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەک کە دەسەڵاتی هەردوو دەستە سەرکردایەتییەکەی یەکێتی دیاری بکات.








PM:12:26:28/01/2020