فەرهاد پیرباڵ زیندانی دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە نوسەرو شاعیری کورد فەرهاد پیباڵ لەبارەی سووتانی ماڵی وەفای لە دادگای کەتنی هەولێر دادگایی دەکرێت، ئەگەر نەتوانێت قەرەبووی ماددی ماڵەکە بکاتەوە ئەوا چوار ساڵ زیندانی دەکرێت. 

 

فەرهاد پیرباڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" نوسیوێتی" ئەمڕۆ کاتژمێر١٠ نازانم چ ڕوو دەدا؛ لە دادگای کەتنی هەولێر دادگاییم دەکرێ: یان دەبێ ١٨ ملیۆن دینار بدەمە "ماڵی وەفایی" کە نیمە، یانیش ٤ ساڵ زیندان دەکرێم؟".

 

دەشڵێت" من دوو ساڵ زیاترە مووچەی زانکۆیان بەتەواوەتی لێ بڕیوم و حیسابی بانقی منیان ڕاگرتووە. ئەمە بۆئەوەی من دەستەپاچە و حیز بکەن بچم داوا لەو نامەرد و گەندەڵانە بکەم کە بە هۆی ژنەکانیانەوە لافی پیاوەتی لێ دەدەن؛ نایکەم.. پێمخۆشە ٤ ساڵ زیندان بمکوژێ نەک بە پردی نامەرد بپەڕمەوە".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی ٢٠١٩ فەهاد پیرباڵ ئاگری لە كتێبخانەی ماڵی وەفایی بەردا و پێنج هەزار ناونیشانی لە كتێبخانەكە سوتاند،بەوەتەی سەرپەرشتیارانی كتێبخانەكە زیانی ٨٠ هەزار دۆلارییان پێگەشتووە.

 

هاوکات دوای ساڵێك لە سوتاندنی كتێبخانەی ماڵی وەفایی لە هەولێر،فەرهاد پیرباڵ ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ داوای لێبووردنی لە كتێبخانەكە و خەڵك  کرد کە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاووى كردووەتەوە.

 

فەرهاد پیرباڵ نووسەر، لێکۆڵەر، شاعیر، فەیلەسووف، شانۆکار، گۆرانیبێژ، مامۆستاى زانکۆ و هونەرمەند. خەڵکی باشووری کوردستانە. ساڵی ١٩٦١ لە ھەولێر لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٤ لە زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ چووەتە ڕیزی یەکیەتیی نووسەرانی شاخەوە، ھەر لە ناو یەکیەتیی نووسەرانی شاخیش یەکەمین کتێبی چاپ کردووە، کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی "ماڵئاوا ئەى وڵاتەکەم". ئەو لەناو ئەوەی خزمەتی سەربازیی ڕژێم نەکات چووەتە ئێران، ھەشت مانگ لە ئێران ماوەتەوە. دوایی چووەتە ئەڵمانیا ئینجا دانمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە بە زەمالەی حکوومەتی فەڕانسا کە لەلایەن ئەنیستیتۆی کوردی پاریسەوە دابەش دەکرا، چووەتە فەڕەنسا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە فەڕەنسا ماوەتەوە.

 

فەرھاد پیرباڵ ھەتا وەرزی یەکەمی ٢٠٠٩ چل و سێ کتێبی نووسیوە و بڵاو کردوەتەوە. تازەترین کتێبی فەرھاد پیرباڵ ناوی "حەکایەتەکانی باوکم"ە، کە ڕۆمانێکی ٤٥٠ لاپەڕەییە. 

 


PM:01:30:29/01/2020