تورکیا دوو کۆڵبەری کوردی دایە بەر دەستڕێژی گوللە

 لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کۆڵبەری خەڵکی کۆتوول سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بە سەختی بریندار بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری شاری کۆتوول تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لەئاکامدا دوو کۆڵبەری لاو، کە ئامۆزای یەکتریش بوون، بە سەختی بریندار کراون".

هەنگاو دەشڵێت" لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی تورکیا، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ”عەلی هادی زادە“ تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی بەشار و هەروەها ”حوسێن هادی زادە" تەمەن ٢٩ ساڵ، کوڕی جەمیل، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی ”گیوەران“ی کۆتوول بوون، بە سەختی بریندار کراون. عەلی گوللە بەر سەری کەوتووە  و حوسێن گوللە بەر پشتی کەوتووە".


ڕاشیگەیاند" ئەو دوو کۆڵبەرە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری وان لە باکووری کوردستان کراون و باری تەندروستییان ناجێگیرە".


PM:09:05:30/01/2020