ناکۆکی کەوتە نێوان رێواز فایەق و هێمن هه‌ورامى لەسەر کێشەی پێشمەرگەکەی یەکێتی کە لە ئاسایش گیانی لەدەستدابوو

لە پەرلەمانی کوردستانەوە لەبارەی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم ئێوارەی ئەمڕۆ سێ ڕاگەیەندراو بڵاوکراونەتەوە و دوایینیان روونکردنەوەیەکی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانە و رایده‌گه‌یه‌نێت" ئه‌و نووسینه‌ی لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كان، خستنه‌ڕووی هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌رئه‌نجامی كاری لیژنه‌كه‌یان بووه‌ پێچه‌وانه‌ی عورفی كاری لیژنه‌كان نه‌بووه‌".

 

روونکردنەوەیەک لە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە:

 
دوابەدوای بابەتی پەیوەست بە دۆسیەی مەجید ئیبراهیم هەروتی ، لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی دوای کۆبوونەوەیان ، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان ئاگادارکردەوە کە لیژنەی لاوەکی پێکدێنن بەپێی ماددەی 30 بڕگەی یەکەم بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسە. 
 
بەپێی ماددەی 19 بڕگەی سێیەم ، ئەرکی سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی لیژنە هەمیشەییەکانی کوردستان دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە. 
 
دوای رەزامەندی دەربڕینمان، رامانسپاردن کە لیژنە لاوەکییەکان هەماهەنگی بکەن و سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن کە لە دۆسییەدا ئاسایشی گشتی بوو لە هەولێر. 
 
چەند جارێک بەدواداچوونمان کردووە بۆ کاری لیژنە لاوەکییەکە و ئەندامەکانی پێیان راگەیاندبووین کە کارەکانیان بە باشی بەڕێوەدەچیت و بەرپرسانی ئاسایشی گشتی زۆر هاوکارن و هەماهەنگن و هەموو روونکردنەوەیەکیان خستووەتە بەردەمیان و لەڕووی مەیدانیشەوە سەردانی شوێنەکان و پزیشکی دادوەر و ئاسایشی شەقڵاوە کراوە. 
 
دیارە ئەمڕۆ 30 ی 1ی 2020 هەردوو لیژنەی لاوەکی کۆبوونەوەیان هەبووە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئامادەکردنی دوا راپۆرتی کارەکانیان و بەرزکردنەوەی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. و لەلایەن بەڕێز سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەندامانی لیژنە ئاگاداری ئیمەیان کردەوە کە هەفتەی ئایندە راپۆرتەکەیان تەواو دەبیت و لە ناوخۆشیاندا لە کۆبوونەوەکە باسیان کردووە کە پوختەیەک وەک هەواڵ لەسەر بەرئەنجامی سەردانەکەیان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە لە ئاسایشی گشتی لە هەولێر دەدەنە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان و ئیمەش لاریمان نەبووە. تێکڕای لیژنە هەمیشەییەکان و لیژنە لاوەکییەکانیش، لەڕووی کۆبوونەوەو کار و چالاکیانەوە دەسەڵاتی لیژنەکانە راپۆرتی چالاکی و تەنانەت راگەیێنراوی لیژنەکەشیان لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاوبکەنەوە. 
 
بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، کە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی دروست نەکردووە چونکە ئەم بابەتە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ماددەی 43 بڕگەی یەکەم دەبێت لەسەر داوای 4-1 ی ئەندامان یان سەرۆکی پەرلەمان بێت و بە رەزامەندی و دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت. 
 
ئەو نووسینەی لیژنە لاوەکییەکان ، خستنەڕووی هێڵە گشتییەکانی بەرئەنجامی کاری لیژنەکەیان بووەو هیچ پێچەوانەی عورفی کاری لیژنەکان نەبووە. 
 
دەمەوێ ئەوەش روونبکەمەوە، بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە لێدوانی جیاجیا لەسەر ئەم دۆسیەیە و تۆمەتبارکردنی ئاسایشی گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوشتنی مەجید ئیبراهیم ، و هەوڵەکانی بەلاڕێدابردنی دۆسیەکە و بەحیزبیکردن و بە سیاسیکردنی ، سەرەتایەکی خراپی کاری بەدواداچوون بوو بۆ گەیشتنە راستییەکان. 
 
هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان



PM:11:19:30/01/2020