پۆلیسی سلێمانی: بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی كۆرۆنا سەردانكردنی راگیراوانی راگرت

پۆلیسی سلێمانی بەمەبەستی خۆپاراستن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەردانكردنی راگیراوان لە بەندیخانەی گرتن‌ و گواستنەوە، راگرت.

لە ڕاگەیەندراو‌ێکدا کە کۆپییەکی دەست "سپی" کەوتووە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە" لەچوارچێوەی ڕێكارەكان بۆ خۆپاراستن لەئەگەری بڵاوبونەوەی هەر ڤایرۆسێكی گواستراوە، هەروەها بەهۆی بونی ڕاگیراوی بیانی و سەردانیكەری بیانی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا سەردانیكردنی ڕاگیراوان لەبەشی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بۆ ماوەیەكی كاتی ڕابگرێت".

 

پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت" بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەپێویستی زانی كە وەك هەنگاوێكی خۆپاراستن سەردانیكردنی ڕاگیراوان لەبەشی گرتن و گواستنەوە بۆ ماوەیەكی كاتی ڕابگرێت".

 

وتیشی" لەكاتی دەستپێكردنەوەی سەردانیكردنی ڕاگیراواندا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاوڵاتیان و كەسوكاری ڕاگیراوان ئاگادار دەكاتەوە".

 

بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پاش ئەوە دێت كە لەئێستادا ڤایرۆسی كۆرۆنا لەچەند وڵاتێك بڵاوبۆتەوەو تا دێت ژمارەی توشبوان لەو وڵاتانە زیاتر دەبێت.



PM:08:38:01/02/2020