نێچیرڤان بارزانی پرۆژەی یاسای چاکسازی واژوو کرد

راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب، رایگەیاند" ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم واژووی لەسەر پرۆژە یاسایی چاکسازی لە مووچەو دەرماڵەی پلە بالآکاندا کرد".

 

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ میدیاکانی نزیک پارتی، دڵشاد شەهاب، رایگەیاند" ئەمڕۆ دوو شەممە ٣ی شووبات نێچیرڤان بارزانی واژووی لەسەر یاسای چاکسازی کرد".

 

یاسای چاکسازی پاش مشتومڕێکی زۆر لە میدیاکان و لەنێو هۆڵی پەرلەماندا لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر درا، بەپێی یاساکە مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان نابێت لە ٥٠% مووچەکەی تێپەڕێت و، هەر پلە باڵایەک رێژەی ١٥% مووچەکەی وەردەگرێت لەگەڵ رێژەی مووچەو بڕوانامە، بۆ هەر ساڵێک خزمەت رێژەی ١،٥% دانراوە، بۆ بڕوانامەش رێژەی ٢% بۆ بڕوانامەی پەیمانگا، بکالاریۆس ٤%، ماستەر ٦%، دکتۆرا ٨% دانراوە.

 


پرۆژەکە رۆژی ١٦ی کانوونی دووەم بە کۆی دەنگی ٨٩ ئەندام پەرلەمانی کوردستان کە زۆرینەیان لە لسیتەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بوو، پرۆژەکە پەسەندکرا.


 

فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و چەند ئەندام پەرلەمانێکی نێو لیستەکانی تر یاساکەیان رەت کردەوە.



PM:01:41:03/02/2020