ڕێواز فایەق: ئەو فۆڕمەی پەرلەمانتاران پڕیانکردۆتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی مووچەی خانەنشینی هیچ ئەرزشێکی یاسایی نییە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە، كە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتە پەرلەمان، هەر قسەیەك لەسەر داهاتی حكومەت بكرێت قسەیەكی نافەرمییە".

 

د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا بە سایتی "درەو میدیا"ی ڕاگەیاند" ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە، كە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتە پەرلەمان، هەر قسەیەك لەسەر داهاتی حكومەت بكرێت قسەیەكی نافەرمییە، پێشتر بەر لە ساڵی 2013، یاسای بودجە هاتووەتە پەرلەمان‌و حكومەت بە فەرمی رایگەیاندووە كە داهاتەكەی چەندە، بۆ پەرلەمانیش ئاسان بووە چاودێری بكات بزانێت ئەم داهاتە راستە یاخود نا، بەڵام ئێستا‌و لەماوەی رابردووشدا پرۆژەیاساكە نەهاتووەتە پەرلەمان".

 

سەرۆکی پەرلەمان وتیشی" زیاتر لە جارێك لە وەزیری دارایی پرسیاركراوە، من دەزانم لیژنە تایبەتمەندەكان پرسیاریان كردووە، وەزیری دارایی دەڵێت لە كۆی پارەی نەوت، من نزیكەی (375 ملیار) دینارم دێتە بەردەست، باقییەكەی تری قەرزە، ئێمە لە كۆبونەوەیەكی دەوری دەستەی سەرۆكایەتییەكانی (پەرلەمان‌و حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێم)دا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كرد، سەرۆكی حكومەت پێی وتین كە قەرزەكانمان چۆنە، چۆن وەرمانگرتووە، تەنانەت باسی لەوەكرد كە ئەو سودەی دەبێت لەبەرامبەر ئەو قەرزانەی لە رابردوودا كراون‌و دەبێت بیدەینەوە خۆی لە (40 ملیۆن) دۆلاری مانگانە نزیك دەكاتەوە تا ئەوكاتەی ئەو قەرزانە تەواو دەبن".

 

ڕێواز فایەق ئاماژەی بەوەشکرد" ئەم نەوتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت بەشێكی لەبەرئەوەی پێشتر پارەكەی وەرگیراوە ئەڕوات بەبێ ئەوەی پارە بگەڕێتەوە ناو خەزێنەی ئێمە، چونكە پێشتر لە ساڵی 2014 بۆ 2017 پارەكەی وەرگیراوە، جگە لەمە بەشێكی دەدرێتەوە بە سودی ئەو قەرزانە، بەشێكیشی دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكانی بەرههەمهێنانی نەوت، بەڵام ئەمانە لەڕووی ژمارەوە كە هاتبێتە بەردەستی پەرلەمان، لە راستیدا نەهاتووە".

 

 

 


PM:09:13:03/02/2020