پۆلیسی سلێمانی سێ کەس دەستگیردەکات کە هەوڵیانداوە ژنێک بڕفێنن

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەوڵی ڕفاندنی ژنێكیان دابوو".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە" دوای ئەوەی كاتژمێر٢ی شەوی ٢ی شووباتی ٢٠٢٠ هاووڵاتییەكی بەڕەگەز عەرەب پەیوەندی بە بەشی پۆلیسی فریاكەوتنەوە دەكات كە چەند كەسێك بەچەكەوە لەبەردەم ماڵەكەیدان و هەوڵی ڕفاندنی دەدەن ، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن دەگەنە شوێنی مەبەست و هەرسێ‌ تۆمەتبار دەستگیردەكەن".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد" لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتباراندا دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكرۆزەر، دوو ڕومانە، سێ‌ چەك لە جۆرەكانی دوو كڵاشینكۆف و یەك دەمانچە و چەندین فیشەك".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشیكردەوە: لەئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران(د،ع ، ف لەدایكبووی ١٩٩٣) و (أ ، د ، ك لەدایكبووی ٢٠٠٢) و (ب ، ع ، ع لەدایكبووی ١٩٩٦) بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٢١ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران كراوەتەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

 

 

 
 
 


AM:10:22:05/02/2020