بارزانی پەیامێکی لەسەر دۆخی عێراق بڵاوکردەوە

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند" ئیدانەی  پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕووداوە خوێناوییەکانی چەند رۆژی ڕابردووی بەغداد و نەجەف دەکەن، خوێنڕشتن و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران رەت دەکەنەوە".

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" داوا دەکەن حکومەتی عێراقی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان لە ڕێگەگرتن لە  خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی هاولاتیان و خۆپیشاندەران جێبەجێبکەن".

 

دەشڵێت" پێویستە لایەنە سیاسیەکان بۆ گەیشتن بەچارەسەر بەزمانی ئەقڵ و مەنتیق مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە بکەن کە بەرۆکی عێراقی گرتووە".

پشتیوانی خۆشی دوپاتکردۆتەوە بۆ داوا رەواکانی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان.

پەیامەکەی بارزانی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق لەگەل مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و دواین پیشهاتەکانی عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و ڕاسپاردەکانی سەرۆک وەزیرانی نوێ کۆبونەوە.




PM:05:19:06/02/2020