دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی وەڵامی پۆلیسی بەڵگەی تاوان دەداتەوە

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وەڵامی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم دەداتەوەو دەڵێت" بۆی نییە ڕێوشوێن بۆ دادگا دیاری بکات".

 

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٢/٦ بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەختدا، بێئەوەی كەس داوای لێكردبێت كۆمەڵێك قسەی ناڕاست و چەواشەكارانەی لەسەر دۆسیەیەكی تایبەت بە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كردووە و پرسیار و گومانی لای هاووڵاتیان دروستكردووە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دادگای سلێمانی دەشڵێت" نازانین ئەو قسانە لەمكاتەدا و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر بڕیاری كۆتایی دادگا بە داخستنی دۆسیەكە لەبەرژەوەندی كێ و لەپێناوی چیدا كراوە، جگە لە لەقكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دادگاكان و سیستمی دادوەری و دەزگاكانی لێكۆڵینەوە، بە دەزگاكەی خۆیشییەوە!".

 

ڕاشیگەیاند"  ئەو كەسەی ئەو قسانەی كردووە خۆی جێبەجێكاری فەرمانەكانی دادگایە و پێویستە هەركات دادگا فەرمانی پێكرد وەكو خۆی جێبەجێی بكات و ئەنجامەكەی بخاتەوە بەردەستی دادوەر، وە بەهیچ شێوەیەك كاری ئەو نییە و بۆی نییە ڕێوشوێن بۆ دادگا دیاری بكات و ڕێنمایی دادوەر بكات كە چی بكات و چی نەكات".

 

ئاشکراشیکرد"  ئەوكارەی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچوونە لە سنووری یاسایی خۆی و مافی خۆمان لە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەری دەپارێزین".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە" هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دڵنیا دەكەینەوە كە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بەهەموو توانایانەوە یاسا بەسەر هەموواندا پیادە ئەكەن و مافی هەموو كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی یاسا بۆی دیاریكردوون، ئەپارێزن".




PM:06:53:06/02/2020