کۆسرەت رەسووڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاگادار دەکاتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ نامەیەکی بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەی ناردوە و داوای راگرتنی کۆبونەوەکانی ئەو ئەنجومەنەو پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیاندا دەکات.

 

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نامەیەکدا رایگه‌یاندووە" یەکێتی کەوتووەتە دۆخێکەوە پێویستە وریابین و بە ئاڕاستەیەکی قبووڵنەکراودا نەڕوات".

 

لە نامەکەدا کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی دەشڵێت" تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەکان مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ریزەکانمان هەیە، بۆیە پێش بە کاڵاکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیکی وەرناگرێت".

 

ڕاشیگەیاندووە" پێویستە کۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان و بۆچوونە جیاوازەکان بکەین، پاش ئەم کۆبوونەوەیە و لێکتێگەیشتن، بڕیاربدرێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی  بەردەوام بێت. داوامان وایە لە هەموو بارێکەوە دۆخی یەکێتی وردتر لێکبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن".

 

لە کۆتایی نامەکەشدا هاتووە" بەهیوای چارەسەرکردنی کێشەکان و پتەوکردنی گیانی هەڤاڵانە و بەرزڕاگرتنی ئاڵای سەوزی یەکێتی و رێبازی سەرۆک مام جەلال، کە رێبازی چەپکە گوڵە و برایەتی و خۆشەویستییە".

 

 

 


PM:10:31:11/02/2020