سەرکردایەتی یەکێتی بۆ دیراسەی نامەکەی کۆسرەت رەسوڵ لە کۆبوونەوەدایە

سەرکردایەتی  یەکێتی ئێستا لە کۆبوونەوەدایەو، خاڵێکی باسی ئەو نامەیەیە کە سەرۆکی ئەنجومەنی بالآی سیاسی، کۆسرەت رەسوڵ ئاراستەی سەرکردایەتی کردووەو داوای لێکردوون کۆبوونەوەکان راگرن.

 

هەرچەندە میدیاکانی یەکێتی باس لەوە دەکەن کە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ کە نزیکی دوو هەفتەیە بەردەوامە، بەلآم بە پێی زانیارییەکانی سپی یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو نامەیەی کۆسرەت رەسوڵ کە دوێنێ سێ شەممە ئاراستەی ئەو دەستەیەی کردووەو داوای لێکردوون کۆبوونەوەکان راگرن، لەم چوارچێوەیەدا مەلا یاسین کادیری دیارو یەکێک لەسەر پەرشتیارانی کۆنگرەی یەکێتی بەشداری ئەمڕۆی کۆبوونەوەکەیە بۆ روونکردنەوەی پەیرەوی ناوخۆو ئەو بەڵگەنامانەی لە کۆنگرە بڕیاریان لەسەر دراوە.

 

لە دەرەوەی هەردوو ئەنجومەنەکەش گفتوگۆیەک لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان ئەنجومەنی بالآی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی.

 

ئەو کێشانە لەو دەمەوە سەریان هەڵدا کە ئەم ئەنجومەنە خۆی بە باڵاترین دەستەی حیزب دەزانێت و پەیڕەوی ناوخۆش لەو روانگەیەوە دەستکاری دەکات، هەروەها بڕیاردان لەسەر سیستەمی هاوسەرۆکی و وەدەرنانی بەرهەم ساڵح لە هاوکێشەکە، هێندەی تر کێشەکانی قوڵکردۆتەوە.

 

دوێنێ کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی بالآی سیاسی یەکێتی لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەکان مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ریزەکانمان هەیە، بۆیە پێش بە کاڵاکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیکی وەرناگرێت".

هەروەها دەشڵیت " پێویستە کۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان و بۆچوونە جیاوازەکان بکەین، پاش ئەم کۆبوونەوەیە و لێکتێگەیشتن، بڕیاربدرێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی  بەردەوام بێت. داوامان وایە لە هەموو بارێکەوە دۆخی یەکێتی وردتر لێکبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن".

 

ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە ژمارەیەک ئەندامی بەرچاو بەشداری ناکەن، لەوانە مەحمود سەنگاوی رەفعەت عەبدولآ، ئاسۆ ئەڵمانی، عەدنانی حەمەی مینا، هەردوو کوڕی کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو دەرباز.



AM:11:48:12/02/2020