گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەوانی عێراق هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی روونکردنەوە دەدات

گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەوانی عێراق لەسەرتاسەری عێراق بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی زانیاری ورد لەسەر راگرتنی ئەو گەشتانەی هێڵی ئاسمانی عێراق، بڵاودەکاتەوە.

ئەمڕۆ ١٣ی شوبات لە ناکاو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەوانی عێراقی هەموو گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی بۆ ئەوروپا هەڵوەشێنرایەوە، تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی " سپی میدیا" دەڵێت" کۆمەڵێک مواسەفات و ستانداری ناوەندێکی فڕۆکەوانی ئەوروپی هەیە کە ناسراوە بە( یوروپ کۆنترۆڵ )و پەیوەندی بە سەلامەتی و هەبوونی هەندێک داتاو پسپۆریەوە هەیە، تا  ئێستا لایەنی عێراقی لە دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی و هێڵی فڕۆکەوانی عێراقی نەتوانیووە دابینی بکەن و، چەند ساڵە لە رێگای کۆمپانیایەکی ترەوە کە کۆمپانیای ( ئەتڵەس جێت )وبە فڕۆکەی عێراقی ئەو گەشتانە بۆ ئەوروپا ئەنجامدراوە".

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " کۆمپانیای ئەتڵەس جێت کە ئەم گرێبەستی لەگەڵ عێراقدا هەبووە ئێستا ئیفلاسی کردووەو، ناتوانێت گرێبەستەکە نوێ بکاتەوە، هەربۆیە گەشتەکان بۆ ئەوروپا وەستاوە".

ئەمڕۆ هێلی ئاسمانی عێراقی هەموو گەشتەکانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا راگرت، بەپێی زانیاریەکانی سپی هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەکانی تەنها بۆ ئەورپا هەڵوەشاوەتەوە، بۆ وڵاتانی تر گەشتەکانی ئاساییە.
  
 

 


PM:07:28:13/02/2020