ئەمڕۆ رۆژی ڤالانتاینە.. رۆژی ڤالانتاین لە چی یەوە هاتووە؟

ڕۆژی ڤالانتاین یان ڕۆژی خۆشەویستی بە ئینگلیزی:Valentine's Day) بریتیە لە ڕۆژی ١٤ی شوبات (٢٥ی ڕێبەندان). لەم ڕۆژەدا ئەوینداران خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن وە ئەم دەربڕینەش بە شێوەی پێدان یان ھەناردنی کارتی ڤالێنتاین، گوڵ یان نوقڵ و شیرینی بۆ ئەو کەسەیە کە خۆشیان دەوێت. ئەگەرچی ڤالێنتاین جەژنێکی ڕۆژاواییە، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی جیھان جەژن دەگێردرێت.


سەبارەت بە ڤالێنتاین و سەرچاوەی ئەو رۆژە چەند بۆچوونی جیاواز ھەیە و وای لێھاتوو کە تا ڕادەیەک تێکەڵی ئەفسانە بووە، بەڵام یەکێک لە بۆچەنەکانی ڤالێنتاین ئەویە:


لە سەدەکانی سێھەمی زایینی لە رۆمی باستاندا، سەرکردەیەک ھەبوو بەناوی کلۆدیۆسی دووھەم. کلۆدیۆس ھەندێک باوەڕی سەیری ھەبوو، بۆ وێنە پێی وابوو ئەو سەربازانەی کە سەڵتن باشتر و بەھێزترن لەو سەربازانەی کە ژن و منداڵیان ھەیە، بۆیە بڕیارێکی دا دەرێ کە سەربازەکانی ئیمپڕاتوری رۆم نابێ ژن بخوازن و دەبێ سەڵت و ڕەبەن بن.


کلۆدیۆس زۆر بێ روحم بوو و ھەر بڕیارێک کە دەری کردبا لێی پاشگەز نەدەبوو و دەبوایە جێبەجێ بکرێ، بۆیە ھیچ کەس نەیدەوێرا یارمەتی ئەو سەربازانە بدا کە دەیانھەویست ژن بخوازن.


بەڵام قەشەیەک بە ناوی ڤالێنتاین (ڤالێنتەنیوس) بە دزی سەربازە ڕۆمییەکانی لەگەڵ کچە خۆشەویستەکانیان لێک مارە دەکرد و بە مرادی دەگەیاندن.


کلۆدیۆس ئاگاداری ئەو بابەتەیە بوو و بڕیاری زیندانی کردنی ڤالێنتاینی دەرکرد. ڤالێنتاین لە ناو زینداندا ئاشقی کچی زیندانبانەکە بوو، بەو جۆرەی کە لە ئەفسانەکاندا ھاتووە ڤالێنتاین نامەی بۆ ئەو کچە دەنارد و لە سەری دەنوسی لە لایەن ڤالێنتاینی تۆ (From Your Valentine). لە ئاکامدا قەشە بە تاوانی لێک مارەکردنی ئەو ئاشقانە بە پێچەوانەی یاساکانی کلۆدیوسی دووھەم لە سێدارە درا ھەر بۆیە وەکوو شەھیدی رێگەی عەشقی دەناسن و لەو ڕۆژەوە ڤالێنتاین وەکوو ھێمایەکی عەشق و خۆشەویستی پێناسە دەکرێ و ھەموو ساڵێ لە ڕۆژی ١٤ی فێبریە (٢٥ی ڕێبەندان) عاشقان پیرۆزبایی بە یەک دەڵێن.

 

 
زۆرترین دیاریییەکانی ئەو ڕۆژە بریتینە لە: لقێک گوڵی سوور یا دەستەگوڵێکی بچووک، چوکۆلات، کارتی پیرۆزبایی ڤالێنتاین، بووکە شووشە، شەم، نامەیەکی دڵداری، چەند دێڕ شێعری دڵداری و....


ڕەنگەکانی ئەو ڕۆژە بریتین لە: سوور، سپی و پەمەیی.

 
لە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی ڤالێنتاین وەک جەژنێکی قەدەغە دێتە ھەژمار وە جەژن گێڕان لەم ڕۆژەدا دژی یاسایە
لە وڵاتی عەرەبستان فرۆشتنی ھەر شتێکی پەیوەندیدار بە ڤالێنتاین لەم ڕۆژەدا قەدەغەیە و پۆلیسی مەزھەبی ئەم وڵاتە پێش بە فرۆشتنی ھەر دیارییەی ئەوینداریی وەکوو گوڵی سوور دەگرێت.

 


AM:08:58:14/02/2020