پۆلیسی هەولێر: دوو كەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر كران

پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت" دوای ئەوەی لە حاڵەتێكی دزینی ئۆتۆمبێلێك لە گەڕەكی ئازادی ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد كرد و بە ماوەیەكی زۆر كەم توانرا ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە و تۆمەتبارەكانیش دەستگیر بكرێن".

 

دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند" پاش ئەوەی هاووڵاتییەك بە ناوی (ا.ح.ع) ئاگاداری كردینەوە كەوا ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تیۆتا یارس)ی لێ دزراوە، تیمەكانمان دەستیان بە ڵێكۆڵینەوەی ورد و چڕ كرد و توانرا لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە و دوو تۆمەتباریش دەستگیر بكرێن".

عەمید دلێر نەجاڕ روونیشی كردەوە: ئۆتۆمبێلەكە لە لایەن هاووڵاتییەكی بە ڕەگەز ئێرانی دزرابوو و دواتریش بە لایەنی دووەمی فرۆشتبوو، بۆیە دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ع.ح.م) و (ا.ع.ح)، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە و بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلەكە دەستگیر كران و ئۆتۆمبێلەكەش ڕادەستی خاوەنەكەی كرایەوە.

راشیگەیاندووە" دادخواز سكاڵای یاسایی دژی تۆمەتباران تۆمار كرد، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە".

 
 


PM:03:40:14/02/2020