روسیا بۆ مەسرور بارزانی: دەمانەوێت عێراق ئارامبێت و پشتگیری لەمافی کورد دەکەین

لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سێجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، وەزیری ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە رووسیا دەیەوێت ئارامی لەعێراقدا جێگیرببێت و پشتیوانی لە مافی گەلی کورد لە ناوچەکەدا دەکات.

بەپێی راگەیاندراوی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە 2020/2/15، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشن لەگەڵ سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کرا.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە دا، کە ڕووسیا پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکە دەکات، گوتیشی: "دەمانەوێت دۆخی عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و ڕێگە لە چالاکبوونەوەی تیرۆرستانی داعش بگیرێت".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی هێوربوونی دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی سووریا کردەوە و داواشی لە ڕووسیا کرد، رۆڵی گرنگی خۆی لە سەقامگیربوونی دۆخی سووریا و ڕێزگرتن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لەنێویشیاندا گەلی کورد بگێرێت.

 


PM:04:29:15/02/2020