لە سلێمانی دەست بەسەر دەرمانی سێكسی و قەڵەوبوون و دابەزاندنی كێشدا دەگیرێت
لیژنە هاوبەشەكان هەڵمەتێكی فراوانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەرمانی زیادكردن و كەمكردنی كێش و دەرمانە جنسییەكان دەستپێكرد و هەوڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت و ڕێكاری توندی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگرنە بەر.
لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند" تێبینیمان كردبوو لە هەندێك شوێن دەرمانی نایاسایی بەتایبەت ئەو دەرمانانەی، كە بۆ زیادكردن و كەمكردنەوەی كێش بەكاردەهێنرێن لەگەڵ دەرمانە سێكسییەكان دەفرۆشرێن، بۆئەو مەبەستەش وەكو لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت و بە چاودێری قائیمقامی سلێمانی هەڵمەتێكی فراوانمان دەستپێكرد بۆ دەستگرتن بەسەر تەواوی ئەو دەرمانە نایاساییانەدا، هەر ئەمڕۆش لەناو شاری سلێمانی لە 9 شوێندا دەستمان بەسەر بڕێكی زۆر لەو دەرمانانەدا گرت و ڕێكاری پێویستمان لەگەڵ خاوەنەكانی گرتۆتەبەر".
وتیشی" بەشێكی ئەو دەرمانانە لەناو دوكانی فرۆشتنی جل و پێڵاودا دانراون و بەڕێگەی جیاواز دەفرۆشرێن بە هاووڵاتیان".
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەشكرد" كە هیچكام لەو دەرمانانە بە كوالێتی كۆنتڕۆڵدا تێنەپەڕیون و پشكنینیان بۆنەكراوە، هەربۆیە ستیكەریان پێوە نییە".
لەشكر حەمید داوای لە هاووڵاتیان كرد، پێش هەموو شتێك لە ڕێگەی پەیجە ئۆنلاینەكانەوە دەرمان نەكڕن و لە هەر شوێنێكیش دەرمان دەكڕن دڵنیابنەوە لەوەی، كە ئەو شوێنە مۆڵتی هەیە و دەرمانەكەش ستیكەری لێدراوە، چونكە هەر دەرمانێك ستیكەری پێوە نەبوو نایاساییە.
وتیشی" هەڵمەتی گەڕان بە دوای ئەو دەرمانانە و ئەو كەسانەی مامەڵەی پێوەدەكەن بەردەوام دەبێت و ڕێكاری پێویست لەگەڵ فرۆشیارەكەدا دەگیرێتەبەر، هەربۆیە لەكاتی بینینی فرۆشتنی دەرمانی كەمكردن و زیادكردنی كێش و دەرمانە سێكسیەكاندا دەستبەجێ لیژنە هاوبەشەكانی لێ ئاگاداربكەنەوە بۆئەوەی كاری پێویستی لەگەڵدا بكرێت".
PM:03:46:18/02/2020