دوای دەستگیرکردن و دواتر ئازادکردنی لە سعودیە و گەڕانەوەی بۆ کوردستان، مەلا عەلی کەڵەک دەڵێت" گەڕانەوەم بۆ کوردستان بە میوانییە و بەیەکجاری دەچمە دەرەوە".
مەلا عەلی کەڵەک ڕایگەیاند" ئێستا گەڕاومەتەوە و لە کوردستانم، بەڵام گەڕانەوەکەم وەکو میوانە و لە دوو مانگی داهاتوودا بەیەکجاری کوردستان بەجێدەهێڵم".
مەلا عەلی کەڵەک لەبارەی دەستگیرکردنیەوە لە وڵاتی سعودیە وتی" بەهیچ شێوەیەک دەستگیرنەکراوم، تەنیا پۆلیس بەهۆی ئەوەی زانیاریی لەبارەی منەوە نەبوو و خەڵکیش بە لێشاو سەردانیان دەکردم، چەند پرسیارێکی ئاراستە کردم و دواتر بەڕێزەوە بەڕێیانکردم".
ئاماژەی بەوەشکرد" حکومەتی ئیمارات بەڵێنی پێمداوە کە کۆمەڵگەیەکی پزیشکیم بۆ دروستبکات، دوو مانگی دیکە بە یەکجاری دەچمە ئەو وڵاتە و خزمەت دەکەم، بەڵام پێم لە کوردستان نابڕێت و بەردەوام ئاگام لە وڵاتی خۆشم دەبێت".
هاوکات لای خۆشییەوە هەڵکەوت زاهیر لەهەژماری خۆی لە ستۆری ئینستاگرام وێنەیەكی خۆی و مەلا عەلی كەڵەكی بڵاوكردووەتەوە و نوسیویەتی" لەگەڵ مامۆستا عەلی كەڵەك دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان".
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر ناوبراو بەفەرمی رایگەیاندبوو كە بەیەكجاری كوردستانی بەجێهێشتووە دوای ماوەیەكیش لەچین دەركەوت هاوكات لەچەند رۆژی رابردووش لەلایەن پۆلیسی مەدینەوە دەستگیركرا.