سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی پشتیوانی ئاڕاستەی هاوتا چین-یەکەی دەکات

د. به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە چانگ تاو، باڵیۆزی کۆماری میللی چین لە عێراق و پەیامێکی پشتیوانی ئاڕاستەی هاوتا چین-یەکەی کرد.

 

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم لەڕێگای باڵیۆزی چین پشتیوانی عیراقی ئاڕاستەی سەرۆكی ئەو وڵاتە كرد، سەبارەت بەرووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاوكات رێوشوێنە خێراكانی حكومەتی چینی بۆ كۆنترۆڵكردن و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەكە  بەرزنرخاند.

 

هەر لە دیدارەكەدا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات و گرنگی هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەرجەستەكردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزكردنی ئاشتی كرا، بەجۆرێك كە خزمەت بەبەرژەوەندییەكانی سەرجەم گەلانی ناوچەكە و جیهان بكات.

 

ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی كوشنده‌یه‌و مانگی رابردو له‌ شاری وهانی چین سه‌رهه‌ڵدایه‌وه‌ و له‌ئێستادا بوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی جیهانی، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێن، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون تۆمارنەکراوە.

 


PM:02:51:19/02/2020