وەزارەتی تەندروستی رێنوومای نوێ بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رێنمایی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی دوو حاڵەتی مردن بە هۆ ڤایرۆسی کۆرۆناوە.


وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "چاودێرییەكانی رێگریكردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا چڕ تر دەكەنەوە و لە سنورەكانی وڵاتانی نزیك سنوورەكانی هەرێم پشكنینەكان ورد تر دەكەن".


سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی دوارۆژ، راگەیاند "لەخاڵە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و باشماخ و ئیبراهیم خەلیل، بە وردی چاودێری گەشتیاران دەكەن و لیژنەكانی پشكنینی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەكان پشكنینی چڕی گەشتیاران دەكەن".


ئەمڕۆ لەنەخۆشخانەیەكی شاری قومی كۆماری ئیسلامی ئێران، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دوو هاوڵاتی ئەو وڵاتەدا دیاریكرا و پاش ماوەیەكی كەمیش گیانیان لەدەستدا.



سەبارەت بە تووشبونی دوو هاوڵاتی لە ئێران بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزیری تەندروستی وتیشی: "لەسنوورەكانەوە رۆژانە گەشتیارێكی زۆر دێنە ناو خاكی هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش گەشت بۆ ئەم وڵاتە دەكەن، بۆیە وەك وەزارەت چاودێری ورد و پشكنینی چڕی هەموو كەسێك دەكرێت ئەوانەشی كە گەشتیان بۆ دەرەوە كردووە كە دەگەڕێنەوە ناو هەرێمی كوردستان، پشكنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت".





PM:11:42:19/02/2020