پێنجوێن.. ژووری عەمەلیاتی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پێكهێنا

نەخۆشخانەی گشتی قەزای پێنجوێن بۆ رێگریکردن لە هاتنە ناوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پشکنینی ئەو هاوڵاتییانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، ژووری عەمەلیاتی پێکهێناوە.

 

نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست(سپی) كەوتووە ڕایگەیاندووە" نەخۆشخانەكەیان بە هاوكاری وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و خۆپاراستنی سلێمانی ژووری عەمەلیاتی تایبەت بە كۆرۆنای لە ناو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ درووست كردووە".

ڕاشیگەیاندووە" لەم ژوورەدا پشكنینی هەر هاووڵاتی یەكی عیراقی دەكرێت، كە لە ئێرانەوە دێنەوە ناو هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش تیمەكانی تەندروستی ٢٤ كاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت، لە پێناو سەلامەتی و ڕێگری لە بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەكە".

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن دا هاتووە" داوا لە هاوڵاتیان دەكەین تا بۆیان دەكرێت پابەند بن بە ڕێنمایییە تەندروستییەكان و سەفەری ووڵاتی ئێران نەكەن مەگەر بۆ حاڵەتی زۆر ناچاری و پێویست نەبێت".

 

ئەمەش دوای ئەوەدێت ماوەی سێ ڕۆژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ کەسی دیکەش هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

 


PM:08:39:21/02/2020