وەزیری پەروەردەی هەرێم لە بارەی ئەگەری ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکان ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری پەروەردەى هەرێم لە بارەى بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو و ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکانی هەرێم ڕایگەیاند" ڕێکاری پێویست بۆ خۆپاراستن لە قوتابخانە و خوێندنگاکان پەیڕەو دەکرێت و تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ڕاگرتنی دەوامی خوێندن".

 

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەى هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی شووباتی ٢٠٢٠ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوێنێ شەممە لە کۆبوونەوەى بەپەلەى حکومەتى هەرێمی کوردستان بەشدار بوون بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆنا و باس لە سەرجەم ڕێکارەکان کراوە، هەموو ئەگەرێکیش کرایەوە تاوەکو ڕاگرتنی دەوام کرایەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکراشیکردووە" کە ئەوەى ئێستا هەیە دۆخێکی دەرونییە و پێویست بەو ترسە ناکات، بەڵام ئێمە چاوەڕێ دەبین تا چەند ڕۆژێکی تر و ئەگەر دۆخەکە پێویستی کرد بڕیاری ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکانیش دەدەین".

 

پەیامەکەی وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوە و زیاتر تەشەنەسەندی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا ڕایگەیاند" لەپێناو سەلامەتی خوێندکاران و مامۆستایان سەرجەم ئەو بۆنە و چالاکییانەی لە قوتابخانەکاندا بەڕێوەدەچن و دەبنە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی ڕادەگرێت". 

 

ئاماژەی بەوەشکرد" پێویستە باکوخاوێنی قوتابخانەکان رابگیرێت و باپەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستی و خۆیان بەدور بگرن لە قەرەباڵغی، هەروەها لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی گومان لێکراو کارئاسانی و پشکنین و چاودێری ئەنجام دەدرێت". 

 

لە کۆتاییدا چەند بڕیارێک دەرکراوە کە بریتین لە: 

* وانەی یەكەم ڕێنمایی بدرێت بە قوتابیان و خوێندكاران. 

* ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێت. 

* هەموو چالاكیەك كە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی ڕابگیرێت لە فێستیڤاڵ، ئاهەنگ، كۆڕ و سمینار. 

*لەگەڵ بنكەی تەندروستی گەڕەكەكان و بەڕێوەبەرێتی تەندرووستی قوتابخانەكان هەمەئاهەنگی تەواو بكەن بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشیە. 

* گرنگە پاك و خاوێنی، بوونی ئاو ، پاكەرەوە دابین بكرێت. 

* لیژنەی فرۆشگا چالاكتر بەردەوام سەردانی فرۆشگا بكات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێ كردنی مەرجە تەندروستیەكان.

 


 
 




 







AM:10:49:23/02/2020