کۆنگرەی هەدەپە بە وێنەو ڤیدیۆ

ئەمرۆ یەک شەممە ٢٣ی شوبات لە پایتەختی تورکیا لە  ئەنقەرە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردە و ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) و سەدان میوانی کوردی پارجەکانی کوردستان كۆنگرەی چوارەمی خۆی دەستپێکرد.



بەبۆنەی دەستپێكردنی كۆنگرەی چوارەمی هەدەپەوە پەروین بوڵدان، لە وتەیەکدا، رەخنەی لە ئاكەپە و حكومەتی توركیا گرت و وتی: "رێز لەو كەسانە دەگرم كە لە زیندانەكانی توركیا گیان لەدەست دەدەن، دەبوایە لەسەر ئەم خاكە بە ئاشتی بژین، بەڵام بەداخەوە بە ھەموو حكومەتی توركیا لە ھەموو لایەكەوە ھێرش دەكاتە سەر خاك و خەڵكی ئێمە. ئەوان وتیان كورد ناتوانن حكومی خۆیان بكەن، بەڵام كورد تا دێ بەرەو پێشەوە دەچن".


هاوسەرۆکی ئێستای هەدەپە، بوڵدان وتیشی: "ئەگەر گەلانی توركیا یەكبن، ھیچ كات ئاكەپە و مەھەپە ناگەن بە ئامانجی خۆیان، دەبێ ئەوان باشبن ئێمە لە شوێنی دیكە نەھاتووینەتە سەر ئەو خاكە، بەڵكو ئێرە خاكی خۆمانە و لێرە ھاتووینەتە دونیا و لێرەش دەمێنینەوە".


پەروین بوڵدان، راشیگەیاند: "تاكە رێگەی كورد ئەوەیە لەبەرامبەر ھەموو زوڵم و ستەم دا یەكگرتووبن و خۆیان بپارێزن".


بەگوتەی بەرپرسانی ھەدەپە كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە بە بەشداری 30 ھەزار كادیر و ئەندامانی بەڕێوەدەچێت. ھاوكات 5 ھەزار ئەندامیان لە زیندانەكانی توركیادایە. لەناویاندا ھەردوو ھاوسەرۆكی پێشووتر سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداخ ھەن كە لە‌ 4/11/2016، لەگەڵ 11 پەرلەمانتاری ئەوكاتی حزبەكەیان خرانە زیندانەوە.


ھەدەپە لە 11/2/2018 كۆنگرەی سێیەمی بەبێ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەنجامدا، كە لە كۆنگرەكەدا ھەر یەك لە پەروین بوڵدان و سیزایی تەمەلی، لە شوێنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداخ وەك ھاوسەرۆكی ھەدەپە ھەڵبژێردران.


ھەدەپە لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا سێ كۆنگرەی یاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی.
ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.
 


PM:02:25:23/02/2020