کۆنگرەی پەیەدە لە ژێر دروشمی "بە یەکێتیى دیموکراتیک داگیرکەری تێکدەشکێنین، بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر پێشدەخەین و سوریای دیموکراتیک دادەمەزرێنین" بەرێوەدەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە لە شارۆچکەی ڕمێلانی سەربە کانتۆنی قامشلۆی هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، هەشتەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە بە ئامادەبوونی ٦٠٠ ئەندام بە دروشمی "بە یەکێتی دیموکراتی داگیرکاری تێکدەشکێنین، خۆبەڕێوبەری پێشدەخەین و سوریایەکی دیموکرات دروست دەکەین" دەستیپێکرد.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لەکۆنگرەکەدا ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی، حیزب و لایەنە سیاسییەکان، نوێنەرانی ئەنجوومەنى سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، تەڤدەم، نوێنەرانی گەلانى کورد، عەرەب، سریانی، ئاسووری، ئەرمەن، تورکمەن و چەچەن بەشداری کۆنگرەکە بوون.
جێی باسە لە کۆنگرەکەدا شاهۆز حەسەن و عایشە حسۆ، هاوسەرۆکانی پەیەدە وتەکانیان پێشکەشکرد، هەروەها بڕیارە هاوسەرۆکانی نوێی پەیەدە لە کۆنگرەکەدا هەڵبژێردرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پەیەدە کۆنگرەى پێشووی خۆی لە رۆژی ٢٧ و ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٧ بەڕێوەبردبوو.