وەزارەتی پەروەردە: گشت وانەكانی خوێندن لە لەپی دەستانە بەبێ ئینتەرنێت

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پەرتووكەكانی قۆناخی ١ی بنەڕەتی تاوەكو ١٢ی ئامادەیی، قوتابیان و  مامۆستایان دەتوانن سوودمەندبن لە ئەپڵیكەیشنی (بەرنامەی) هەورە فێرگە.

 

وەزارەتی پەروەردە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی و وەزیری پەروەردە لە پەیجی فەرمیی خۆی ئاگادارییەکیان لەبارەی هەورە فێرگە بۆ مامۆستایان و قوتابیان بڵاوکردووەتەوە و لەبارەی ئەپڵیکەیشنی هەورە فێرگەوە دەڵێن" گشت وانەکانی خوێندن لە لەپی دەستانە بەبێ ئینتەرنێت".
 
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەورە فێرگەوە دەڵێت" لە ١٨-١١-٢٠١٩ پرۆژەی هەورە فێرگەمان راگەیاند کە پرۆژەیەکی فێرکاریی ئەلکترۆنییە، تاوەکو ئێستا ٧٠ هەزار و ٣٥٣ قوتابی و خوێندکار لەگەڵ مامۆستایان بوونەتە ئەندام لە پرۆژەکە، زیاتر لە ٨٤٣ هەزار جاریش لە ماوەی سێ مانگی رابردوو سەردانی وێبسایتەکە کراوە".
 
ئێستا هەورە فێرگە لەسەر سیستەمەکانی (ئەندرۆید ـ ویندۆز ـ IOS) بەردەستە، بۆ سوودمەندبوون لە بەرنامەکەش یەک جار پێویستت بە ئینتەرنێتە بۆ داگرتنی (داونلۆدکردنی)، دواتر دەتوانرێت ئەپڵیکەیشنەکە بە ئۆفلاین، واتە بەبێ ئینتەرنێت، بەکاربهێنرێت.
 
لە هەورە فێرگە مامۆستایان و قوتابیانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی تاوەکو ١٢ی ئامادەیی دەتوانن سوودمەندبن لە پەرتووکەکانی خوێندن و شیکردنەوەی وانەکان بە شێوەی ڤیدیۆیی، وانەکان سەرجەمیان بە ڤیدیۆ و بە فایلی PDF لەم ئەپڵیکەیشنە بەردەستن.
 
هەر لە هەورە فێرگە، خوێندکار و قوتابیان دەتوانن چەندین پرسیار دابنێن و خۆیان تاقیبکەنەوە، جیا لەوەی وێبسایتی هەورە فێرگە (www.hrf.one) بە بەردەوامی نوێکاریی تێدا دەکرێت.

 



PM:04:35:24/02/2020